لە هەرێمی کوردستان بودجه‌ی پڕۆژه‌كان به‌ یه‌كسانی دابه‌ش ده‌كرێت

لە پڕۆژەکان پشکی شێر بەر سنووری سلێمانی و هەڵەبجە دەکەوێت
سلێمانی - ئەرشیف
سلێمانی - ئەرشیف

K24 - هەولێر

حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەسەر بنەمایەکی دادپەروەری بودجەی پرۆژەکان بەسەر پارێزگاکان دابەش دەکات، لەم رووەوە پشکی شێر بەر پارێزگای سلێمانی دەکەوێت، چونکە %43 بۆ سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین و گەرمیان تەرخاندەکرێت، %34 بۆ پارێزگای هەولێر وئیدارەی سەربەخۆی سۆران، %23 بۆ پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ته‌رخانكراوه‌.

ئاگرین عەبدوڵڵا، بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن بە کوردستان24ی راگەیاند: "وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن لەژێر رێنماییەکانی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران پلان دادەڕێژێ و کارەکانی ئەنجامدەدات پابەندە بەو رێژەی بۆ پارێزگاکان دانراوە، %34 بۆ پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، %23 بۆ پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، هەروەها %43 بۆ سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین و گەرمیان".

لە هەموو وەزارەتەکان لەسەر ئەم بنەمایە بودجە بۆ پڕۆژەکان تەرخان دەکرێت. لەوبارەوە نزار تەمەر، بەڕێوەبەری پلاندانی وەزارەتی شارەوانی ئاماژە بەوە دەکات: "هەموو پڕۆژەکان بەپێی ژمارەی دانیشتووان بەسەر پارێزگاکان دابەش دەکرێن، لە دوای پارێزگاکان بۆ قەزاکان هەمان شت پەیڕەو دەکرێت".

دەرخستنی ئەم ئامارانە، لەکاتێکدایە کە لە پارێزگای سلێمانی بەشێکی داهات دیار نامێنێت و بودجەی پێویست بۆ پڕۆژە خزمەتگووزارییەکان خەرج ناکرێت، ئەمەش وایکردووە زۆر پڕۆژە لەو پارێزگایە بە تەواو نەکراوی بمێنێتەوە.