پەرلەمانتارێک: هەندێک لایەن دەستبەسەر داهاتی سلێمانی دا دەگرن

"داوا دەکەن داهاتی نەوت و خاڵە سنوورییەکان رادەست بکرێت و خۆیان داهات بۆ گەنجینە ناگەڕێننەوە"
داهات
داهات

K24 - هەولێر

بریاردەری لیژنەی دارایی و جێگری سەرۆكی لیژنەی دارایی رایدەگەیەنن، دواكەوتنی دابەشكردنی مووچە، ھۆكارەكەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە چەند لایەنێكی سیاسی دەستیان بەسەر داھاتی سلێمانیدا گرتووە، خۆشیان داوای رادەستكردنی نەوت و دەروازە سنوورییەكان بە بەغدا دەکەن. جێگری سەرۆكی لیژنەی دەستپاكیش لە پەرلەمان دەڵێت: خەونی لە مێژینەی ئەو لایەنانەیە ئەوەیە، ھەر ژێر دەستەبین.

ھەندێك لایەن چەند ساڵێكە داوا لە حكومەتی ھەرێمی كوردستان دەكەن، ئەگەر لە دەرەوەی دەستووریش بێت ھەموو دۆسیەی نەوت و داھاتەكانی ناوخۆ و خاڵە گومرگییەكان رادەستی حكومەتی عێراق بكات، لە كاتێكدا ھەر ئەوان داھاتەكانی ناوخۆی سلێمانی، ھەڵەبجە، ئیدارەكانی گەرمیان و راپەڕین، نە رادەستی حكومەتی ھەرێمی كوردستانی دەكەن، نە حكومەتی عێراق و نە دەیگەڕێننەوە بۆ ئەنجامدانی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانی سنوورەكە.

سەعید مستەفا، جێگری سەرۆكی لیژنەی دەسپاكی لە پەرلەمانی كوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند: "ئەو لایەنانەی بانگەشەی ئەوە دەکەن، داهاتەکانی نەوت و داهاتەکانی دیکە رادەستی وەزارەتی نەوتی عێراق بکرێت، هەر ئەوانە بوونەتە هۆکاری بڕینی مووچە و قوتی خەڵک و فەرمانبەرانی کوردستان، پێویستە ئەوان پێش ئەوەی داوای داهاتی نەوت بکەن داهاتی ژێر دەسەڵاتی خۆیان رەوانەی گەنجینەی حکومەت بکەن، بۆ ئەوەی خەڵکی سلێمانی چیتر کێشە بۆ مووچەخۆرانی سلێمانی دروست نەبێت".

ئەو داھاتەی لە سنووری سلێمانی ھەیە، بەدەر لەوەی ناگەڕێتەوە گەنجینەی گشتی حكومەت، سوودیشی لێ نابیندرێت بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانی سلێمانی، تەنانەت لە بانكەكانیش دیار نامێنێت، ئەمەش كاریگەری راستەوخۆی كردووەتە سەر دابەشكردنی مووچەی بەشێك لە فەرمانبەران.

محەمەد سەعدەدین، بریاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێ: "دوو هۆکار هەیە بۆ دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەران، یەکێکیان بەغدایە، چونکە ئەو بڕە پارەیەی بە رێککەوتن بڕیاری لەسەر دراوە لەکاتی خۆیدا بۆ هەرێمی کوردستان رەوانەی ناکات. هۆکارەکەی دیکەش ئەوەیە لە هەندێک ناوچە بەتایبەتی لە سلێمانی داهات ناگەڕێتەوە گەنجینەی گشتی تا بۆ مووچەی فەرمانبەران بەکاربهێنرێت".

گوتیشی: "وەک پەرلەمان داوامان کردووە پەرلەمان کۆبوونەوەی تایبەت ئەنجامبدات، هەروەها حکومەت بەدواداچوون لەسەر ئەم پرسە بکات، بە مەبەستی چارەسەرکردنی".

دەستبەسەر داگرتنی داھات لە سلێمانی، قەیرانێكی ئابووری بۆ خەڵكی شارەکە و مووچەخۆران و خانەنشینان دروستكردووە، ئەو لایەنانەش دەستیان بەسەر داھاتدا گرتووە، ھۆكارن بۆ ئەم دۆخە داوای رادەستكردنی نەوت و خاڵەسنوورییەكان و داھاتی ناوخۆ دەكەن،  بەڵام خۆیان ئامادەنین داھات رادەستی حكومەتی ھەرێمی كوردستان بكەنەوە.