رووسیا چی له سوید و فنله‌ندا ده‌وێت؟
K24- مینیسۆتا- ئه‌مه‌ریكا:
فنله‌ندا و سوید هه‌نگاوێكیان ماوه بێنه ناو ناتۆوه، به‌مه‌ش ڤلادیمێر پوتن، سه‌رۆكی رووسیا یان ده‌بێت ده‌رگای جه‌نگێكی دیكه له خۆی بكاته‌وه، یانیش ده‌بێت بێده‌نگێكی دۆڕاوی هه‌ڕه‌شه‌كانی پێشووی بێت له‌سه‌ر بوون به ئه‌ندامبوونی ئه‌و دوو وڵاته له هاوپه‌یمانێتی ناتۆ.
ڤلادیمێر پوتن كاتێك هه‌نگاوی به‌ره‌و داگیركردنی ئۆكرانیا نا، ئامانجه‌كه‌ی روون و ئاشكرا بوو، كه ده‌یه‌وێت پێگه‌ی سه‌ربازی له خۆرهه‌ڵاتی ئه‌وروپا فراوان بكات و رێگری له‌و ئاواته‌ی ئۆكرانییه‌كان بكات، كه ببنه 31مین ئه‌ندامی ناتۆ، به‌ڵام ئێستا پرسیارێكی دیكه هاتووه‌ته ئاراوه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه، ئه‌ی چی به‌رامبه‌ر فنله‌ندا و سوید ده‌كات؟
خاتوو سانا مارین، سه‌رۆك وه‌زیرانی فنله‌ندا له چوارچێوه‌ی كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا، هه‌فته‌ی پێشوو له‌گه‌ڵ ماگدالینا ئه‌ندرسن، هاوتا سویدییه‌كه‌ی له ستۆكهۆڵم رایگه‌یاند، "بڕیاری په‌سه‌ندكردنی وڵاته‌كه‌مان بۆ ناو ناتۆ چه‌ند هه‌فته‌یه‌كی ده‌وێت نه‌ك چه‌ند مانگێك".
سه‌رۆك وه‌زیرانی فنله‌ندا و سوید پێیانوایه داگیركردنی ئۆكرانیا دیمه‌نی ئاسایشی له ئه‌وروپا به ته‌واوی گۆڕیوه و به‌شێوه‌یه‌كی دراماتیكی گۆڕانكاری له بیركردنه‌وه‌یاندا روویداوه.
فنله‌ندا 1300 كیلۆمه‌تر سنووری هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ رووسیا هه‌یه، بۆیه سانا مارین جه‌خت له‌وه‌ده‌كاته‌وه، بڕیاردان بۆ بوون به ئه‌ندامی ناتۆ زۆر خێرایه و پێویستی به چه‌ند مانگ نییه، به‌ڵكو چه‌ند هه‌فته‌یه‌كی ده‌وێت، بۆ ئه‌وه‌ی حكومه‌ت و په‌رله‌مانی فنله‌ندا بڕیاری له‌سه‌ر بده‌ن، وێرای هه‌ر ناڕازییه‌كی توندی مۆسكۆ، گوتیشی: "دوای جه‌ژنی ئیسته‌ر ئه‌و بابه‌ته بۆ گفتووگۆكردن ده‌چێته په‌رله‌مان".
دوێنی 18ی نیسان/ ئه‌پرلی 2022 جه‌ژنی ئیسته‌ر بوو له ئه‌وروپا، ئه‌مه‌ریكا، كه‌نه‌دا، ئوسترالیا و ته‌واوی ئه‌و وڵاتانه‌ی كه باوه‌ڕیان پێیه‌تی.
رووسیا چه‌ند جارێك فنله‌ندا و سویدی ئاگاداركردووه‌ته‌وه له هه‌نگاوه‌كانیان بۆ چوونه ناو ناتۆ و بریتییه له ده‌مارگرتنی رووسیا، به‌پێی راپۆرتێكی رۆیته‌رز، دیمتری بیسكۆڤ، گوته‌بێژی كرملین رایگه‌یاند، ئه‌گه‌ری فنله‌ندا و سوید په‌یوه‌ندی به ناتۆوه بكه‌ن، رووسیا پێویستی به‌وه‌یه پارسه‌نگی دۆخه‌كه راست بكاته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ش پێویسته رێوشوێن بگرێته‌به‌ر.
رۆژنامه‌ی "زه گاردیان" له راپۆرتێكدا ئاشكرا ده‌كات، پێویسته فنله‌ندا بۆ هه‌موو رێوشوێنێك له‌لایه‌ن رووسیاوه ئاماده بێت، چونكه هه‌موو شتێك گۆڕا، كاتێك مۆسكۆ هێرشی داگیركاری بۆ سه‌ر ئۆكرانیا ده‌ستپێكرد، هه‌ر بۆیه سانا مارین له كۆنگره رۆژنامه‌نووسییه‌كه‌ی هه‌فته‌ی پێشوودا به روونی گوتی: "جیاوازی گه‌وره له نێوان هاوپه‌یمان و ئه‌ندام هه‌یه، هیچ رێگه‌یه‌كی دیكه له‌به‌رده‌مماندا نییه، بۆ ئه‌وه‌ی بیمه‌ی ئاسایشی خۆمان دابین بكه‌ین، جگه له‌به‌رگریكردن نه‌بێت له چوارچێوه‌ی ناتۆ، ئه‌ویش به‌پێی مادده‌ی 5ی هاوپه‌یمانی ناتۆ كه خۆی له به‌رگریكردنی هاوبه‌شدا ده‌بینێته‌وه".
به‌پێی مادده‌ی 5ی ناتۆ، هێرشكردنه سه‌ر هه‌ر ئه‌ندامێكی ناتۆ، هێرشكردنه بۆ سه‌ر هه‌موو وڵاتانی ئه‌ندام له هاوپه‌یمانێتییه‌كه، بۆیه پێویسته ناتۆ دژی ئه‌و وڵاته بچێته جه‌نگه‌وه، كه هێرشی كردووه‌ته سه‌ر وڵاتێكی ئه‌ندام له هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌یان، ئه‌مه‌ش له 11ی سێپتێمبه‌ردا روویدا، كاتێك رێكخراوی قاعیده هێرشی كرده سه‌ر ئه‌مه‌ریكا، ناتۆ بڕیاریدا دژی ئه‌و رێكخراوه بچێته جه‌نگه‌وه.
مایك پۆ‌مپێیۆ، وه‌زیری پێشووی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكاش له چاوپێكه‌وتنێكیدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی فۆكس نیوز، گوتی: "پێموایه ڤلادیمێر پوتن ئێستا ده‌توانێت ناتۆیه‌كی حه‌قیقی ببینێت، هه‌میشه ئه‌و ده‌یزانی كه ناتۆ هه‌ڕه‌شه نییه بۆ سه‌ر رووسیا".
پۆ‌مپێیۆ گوتیشی: "پوتن له هه‌موو بۆنه‌یه‌كدا بۆی بڕه‌خسایه، ده‌یگوت ناتۆ مه‌ترسییه بۆ سه‌رمان، به‌ڵام ئه‌مه قسه‌یه‌كی بێ مانا‌و بێ بنه‌ما ده‌رچوو، ته‌نیا ده‌یویست هێرش بكاته سه‌ر ئۆكرانیا".
پۆ‌مپێیۆ جه‌ختی كرده‌وه، سوید و فنله‌ندا هیچ هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك نین بۆ سه‌ر رووسیا، به‌ڵام ڤلادیمێر پوتن بیر له‌وه ده‌كاته‌وه، هێرش بكاته سه‌ریان، بۆیه پێویسته پێشوازی له‌و دوو وڵاته بكرێت بۆ چوونه ناو ناتۆ، بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ك ئۆكرانیا نه‌بن به خۆراكی رووسیا و به ئه‌ندامبوونیان له ناتۆ بیمه‌ی ئاسایش بۆ وڵاته‌كه‌یان دابین ده‌كرێت.
به‌پێی راپۆرتێكی سی ئێن ئێن، مۆسكۆ له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی فنله‌ندا و سوید بڕیاریداوه پاڵپشتییه به‌رگرییه‌كانی له ناوچه‌ی به‌ڵتیك گه‌شه پێبدات ئه‌گه‌ر ئه‌م دوو وڵاته بچنه ناو ناتۆ، ته‌نانه‌ت له نێویشیاندا بڵاوه‌پێكردنی چه‌كی ئه‌تۆمی.
ئارڤیداس ئانۆچوسكاس وه‌زیری به‌رگری لیتوانیا باس له‌وه ده‌كات، رووسیا له دێرزه‌مانه‌وه چه‌كی ئه‌تۆمیی له ناوچه‌ی كالینیگراد له‌سه‌ر سنووری پۆله‌ندا و لیتوانیا جێگیركردووه، بێ ئه‌وه‌ی ئاماژه به‌هیچ سه‌رچاوه‌یه‌ك بدات، به‌ڵام به‌پێی یه‌كێتی زانایانی ئه‌مه‌ریكی (FAS)، له‌ساڵی ـ2018ه‌وه گه‌نجینه هه‌ڵگیراوه‌كانی چه‌كی ئه‌تۆمی له كالینیگراد ئاماده‌كراون.
له دواهه‌مین هه‌ڵوێستیشیدا رووسیا له‌سه‌ر زاری دیمیتری میدڤیدیڤ، سه‌رۆكی پێشووی رووسیا كه ئه‌ندامێكی باڵای ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی رووسیایه، له چه‌ند رۆژی رابردوودا رایگه‌یاند، ئه‌گه‌ر ئه‌و دوو وڵاته بچنه ناو ناتۆ، ئه‌وا ته‌واوی هێزه‌كانی رووسیا له ناوچه‌كانی سنووری ئه‌وروپا گه‌شه‌پێده‌ده‌ن.
په‌یوه‌ندیكردنی فنله‌ندا و سوید به ناتۆوه تا راده‌یه‌ك یه‌كلا بووه‌ته‌وه، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی به پێی دواهه‌مین راپرسی، ته‌نیا 12%ی فنله‌نداییه‌كان دژی چوونه ناو ناتۆن، كه‌واته رووسیا یان ده‌بێت بێده‌نگی هه‌ڵبژێرێت یان ده‌بێت به‌ره‌یه‌كی دیكه‌ی جه‌نگ له‌خۆی بكاته‌وه.
H.B