لەسەر ئاهەنگی لەدایکبوون سکاڵا لەدژی کۆمپانیاکەی تۆمار دەکات

بە بڕیاری دادگا سکاڵاکارەکە نزیکەی نیو ملیۆن دۆلار وەردەگرێت
کێکی یادی لەدایکبوون
کێکی یادی لەدایکبوون

K24 - هەولێر:

پیاوێک لە ویلایەتی کێنتاکی، سکاڵای لەسەر ئەو کۆمپانیایە تۆمار کرد کە کاری لێدەکرد، چونکە کۆمپانیاکە بەبێ رەزامەندی خۆی ئاهەنگی یادی لەدایکبوونیان بۆ ساز کردبوو.

بەگوێرەی هەواڵێکی وێبسایتی "cbsnews"، کێڤن بێرلینگ کارمەندی کۆمپانیای "Gravity Diagnostics" لە شاری کۆڤینگتۆن لە ویلایەتی کێنتاکی لە ساڵی 2019 سکاڵای لەسەر کۆمپانیاکەی تۆمار کرد بە پاساوای ئەوەی لە رۆژی لەدایکبوونی ئاهەنگیان بۆ گێڕاوە و ئەوەش سترێس و نیگەرانی بۆ دروستکردووە.

کێڤن نزیکەی 10 مانگ لەو کۆمپانیایە کاری کردووە و لەبەرئەوەی دڵەڕاوکێ و ترسی دەروونی لەگەڵدا بووە، داوای لە کۆمپانیاکە کردووە لە یادی لەدایکبوونیدا ئاهەنگی بۆ نەگێڕن وەك ئەوەی بۆ هەموو کارمەندێکی دیکەی دەکەن.

بەڵام بەگوێرەی ئەو سکاڵایەی لەسەر کۆمپانیاکە تۆماری کردووە، بەڕێوبەری ئۆفیسەکەی تێبینیەکەی کێڤنی بیرچووەتەوە و ئاهەنگی لەدایکبوونیان بۆ ساز کردووە، کە بووەهۆی تێكچوونی باری دەروونی کێڤن و پاشان تەواوی رۆژەکەی لەناو ئۆتۆمبێلەکەیدا بەسەر برد.

رۆژی دواتر بەڕێوەبەرەکەی و سەرپەرشتیارەکەی لەگەڵیدا کۆبوونەوە و کاتێک سەرپرشتیارەکەی لەسەر کاردانەوەکەی سەرکۆنەی کرد و پێی گوت کە "خۆشی هاوکارەکانی تێکداوە" و "وەک کچێکی بچووک رەفتاری کردووە"، کێڤن دووبارە باری دەروونی تێكچوویەوە و هەر ئەو رۆژە لە کارەکەی دوورخرایەوە.

کێڤن لە سکاڵاکەیدا باسی لەوە کرد، بەهۆی ئەو بارە دەروونیەی کە هەیەتی کۆمپانیاکە جیاکاری لەگەڵدا کردووە.

کێڤن لە کەیسەکەدا وتێتی کە کۆمپانیاکە بە جیاوازییەوە مامەڵەیان لەگەڵدا کردووە بەهۆی ئەوەی کە کەمئەندامە و هێرشیان کردۆتە سەری دوای ئەوەی داوای کردووە کە کار ئاسانی بۆ بکرێت لەو بارەیەوە.

لە دوایین دانیشتنی دادگادا کە کۆتایی مانگی ئادار بەڕێوەچوو، بە بڕیاری دەستەی سوێندخۆران، 300 هەزار دۆلار وەک قەرەبووی زیانە دەروونییەکان و 150 هەزار دۆلار لەبری ئەو مووچەیەی لەدەستی چووە پێی بەخشرا.