چارشەمبا سۆر.. جەژنی گوڵاڵە سوورە

لە جەژنی سەری ساڵدا ئێزدییەکان ماڵەکانیان بە گوڵاڵە سوورە دەڕازێننەوە
جەژنی سەری ساڵی ئێزدییەکان، وێنه‌: AFP
جەژنی سەری ساڵی ئێزدییەکان، وێنه‌: AFP

K24 - هەولێر:

ئەمڕۆ چوارشەممە 20ی نیسانی 2022 لەلای ئێزدییەکان، جەژنی سەری ساڵە، کە ناسراوە بە چوارشەممەی سوور "چارشەمبا سۆر"، ئەم جەژنە بەگوێرەی رۆژژمێری رۆژهەڵاتی دیاریدەکرێت، کە لە 13ی نیسانەوە سەرەتای ساڵەکە دەستپێدەکات و لە ڕۆژی چوارشەممەی ساڵەکەدا، ئێزدییەکان جەژن دەگێڕن.

ئێزدییەکان؛ لە هەرێمی کوردستان، عێراق، سوریا، تورکیا، ئێران، ئازربایجان، ئەفغانستان، رووسیا و چەندین وڵاتی دیکە، رێورەسمە ئایینیەکانیان ئەنجامدەدەن، بەڵام رێورەسمی سەرەکی جەژنی چوارشەممەی سوور، لە لالش پەرستگەی سەرەکی ئێزدییەکان رێکدەخرێت.

جەژنی سەری ساڵدا ئێزدییەکان، وێنه‌: AFP
جەژنی سەری ساڵدا ئێزدییەکان، وێنه‌: AFP

پەرلەمانی کوردستان ساڵی 2013، بڕیارێکی دەرکرد، بۆئەوەی رۆژی جەژنی چوارشەممە سووری ئێزدییەکان، لە سەرجەم فەرمانگەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکرێتە پشوو.

رۆژێک بەر لە جەژن، ئێزدییەکان گوڵاڵە سوورە لە دامێنی چیاکان و دەشتەکاندا کۆدەکەنەوە و بە چەپک گوڵاڵە سوورەکان دەدەن لە دەرگای ماڵەکانیان، هەروەها ژمارەیەک هێلکە دەکوڵێنن و رەنگی دەکەن، کە دواتر توێکڵە ڕەنگکراوەکانی هێلکەکان دەخەنە ناو زەوییە کشتوکاڵی و باخەکانیانەوە، چونکە ئەوە بە ڕێگەیەک دەزانن بۆ بەپیت بوونی خاک و زیادبوونی بەرهەم.

جەژنی سەری ساڵی ئێزدییەکان
جەژنی سەری ساڵی ئێزدییەکان
جەژنی سەری ساڵدا ئێزدییەکان، وێنه‌: AFP
جەژنی سەری ساڵی ئێزدییەکان، وێنه‌: AFP

هەر بۆ جەژنی سەری ساڵ، ئێزدییەکان، کولێرە دروستدەکەن و بەڕۆن چەوری دەکەن، پاشان دابەشیدەکەن بەسەر کەسانی هەژاردا، کولێرەکە ناونراوە "ساوکە"، هەروەها دەچنە سەر گۆڕی کەسە ئازیزەکانیان.

هەر لە جەژنی چوارشەممەی سووردا، ژنان و پیاوانی ئێزدی لە پەرستگەی لالش کۆدەبنەوە 365 چرا دادەگیرسێنن، وەک ئاماژەیەک بۆ ژمارەی رۆژەکانی ساڵ، هەروەها پیرۆبازیی جەژن لە یەکتر دەکەن، بەگوێرەی ئایینەکەشیان، لە جەژندا زەوی ناكێڵن، دار نابڕنەوە، هاوسەرگیری ناکەن، بۆ ئەنجامنەدانی هەر کارێکیشیان لێکدانەوەی جیاوازیان هەیە.

بەگوێرەی ئامارە نافەرمییەکان، پەیڕەوکارانی ئایینی ئێزدی نزیکەی ملیۆنێک کەس دەبن لە جیهاندا، بەڵام بەهۆی ئەوەی بەسەر چەند وڵاتێکدا دابەشبوون و ئامارێکی دروست لەبارەیانەوە ئەنجام نەدراوە.

ئایینێک بەبێ بانگەواز

لە سەرانسەری جیهاندا، دەیان ئایین هەیە، کە هەر یەکێکیان تایبەتمەندی و سرووتی تایبەت بەخۆی هەیە، زۆربەی ئایینەکان، لەلایەن باوەڕدارەکانیانەوە، بانگەشەیان بۆ دەکرێت و هەوڵدەدرێت خەڵکانی دیکە بە ئایینەکەیان ئاشنا بکەن، بەڵام لەناو ئێزدییەکاندا ئەم شێوازە بۆ بڵاوکردنەوەی ئایینەکە ناگیرێتەبەر.

ئێزدیی لەگەڵ ئەوەی ئایینێکی دێرینی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، بەڵام زانیاری زۆر کەمە لەسەر بیروباوەڕەکانی، چونکە باوەڕدارانی ئەم ئایینە باسی ئایینەکەیان ناکەن، بۆئەوەی کەسانی دیکە بچنە سەر ئایینەکەیان، هەروەها هەڵگرانی ئایینەکە کەسانێکن کە لە دایک و باوکێکی ئێزدی لەدایکبوون.

ئێزدییەکان
ئێزدییەکان

لەلایەکی دیکەوە، بەشێک لە ئێزدییەکان باس لە بوونی کتێبێکی پیرۆز دەکەن (مەسحەفا رەش)، کە تایبەتە بە ئایینەکەیان و دەقە ئایینیەکانی تێدایە، بەڵام کتێبەکە بڵاونەکراوەتەوە و زۆرینەی ئیزدییەکان ئەو کتێبەیان نەبینیوە، بۆیە نازاندرێت وردەکارییەکەی چییە؟.

ئێزدییەکان و ئایینەکانی دیکە

ئێزدییەکان پەیوەندییەکی دۆستانەیان لەگەڵ هەڵگرانی ئایینەکانی دیکەدا هەیە و خۆیان بە یەکێک لە کۆنترین گروپەکان دادەنێن، کە لەسەرەتای دەستپێکردنی ژیانەوە لە سەردەمی ئادەمەوە هەن، بەڵام لە مێژوودا چەندینجار رووبەڕووی هەڵمەتی پاکتاوکردن بوونەتەوە، کە یەکێک لەو هەڵمەتانە ساڵی 2014 لەلایەن چەکدارانی داعشەوە ئەنجامدرا، بەهۆیەوە هەزاران ئێزدی کوژران، دەیان هەزار کەسیان ئاوارەبوون، لەگەڵ ئەوانەشدا زیاتر لە پێنج هەزار کچ و ژنیان بێسەروشوێن کران و وەک کەنیزە مامەڵەیان لەگەڵدا کرا.

لالش

لالەش یان لالش، یەکێکە لە شوێنە پیرۆزەکانی ئێزدییەکان، کە پەرستگایەکە لەناو زنجیرە چیایەکی بچوکدا هەڵکەوتووە لە دووری 60 کیلۆمەتر لەشاری موسڵی ناوەندی پارێزگای نەینەوا، ئێزدییەکان ساڵانە بۆ ئەنجامدانی حەجێکی تایبەت بە خۆیان سەردانی ئەم شوێنە دەکەن، ماوەی حەوت رۆژ لێی دەمێننەوە بۆ ئەنجامدانی سرووتە ئایینیەکانیان، هەروەها سەردانکردنی گۆڕی شێخ عەدی کوڕی موسافیر دەکەن، کە یەکێکە لە پیاوە ئایینیەکانی ئێزدییەکان.

لالش
لالش

دەسەڵاتی ئایینی و دنیایی لای ئێزدییەکان

بابەشێخ

به‌رزترین پله‌ی ئایینی ‌و رابه‌ری روحی ئێزیدییەکانە، شێخ عەلی شێخ ئەلیاس لە کۆتایی ساڵی 2020 لە کۆبوونەوەی نزیکەی 250 سەرۆک هۆز و کەسایەتی ئێزدییەکاندا بە بابەشێخ دیاریکرا، ئەوەش دوای کۆچی دوایی شێخ خرتۆ حاجی ئسیماعیل هات، کە لە تەمەنی 87 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

شێخ عەلی شێخ ئەلیاس، ساڵی 1979 لە شێخان لەدایکبووە و باوکی لەنێوان ساڵانی 1978 بۆ 1995 بابەشێخی ئێزدییەکان بووە.

میری ئێزدییان

نوێنەرایەتی ئێزدییەکان دەکات لەناوەوە و دەرەوەی وڵات، بەرپرسی سەرۆک هۆزەکانە و هەڵدەستێت بە رێکخستنی مەراسیمە ئایینیەکان، میر حازم تەحسین بەگ، لە ناوەڕاستی ساڵی 2019دا پۆستی میری ئێزدییانی وەرگرت، شەش مانگ پێشتر، میر تەحسین بەگی باوکی، کە میری پێشووی ئێزدییەکان بوو، لە تەمەنی 86 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

میر حازم تەحسین بەگ، ساڵی 1963 لەدایکبووە و لە زانکۆی بەغدا بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە کشتوکاڵدا بەدەستهێناوە.