نەتەوە یەکگرتووەکان: ژمارەی پەنابەرانی ئۆکرانیا پێنج ملیۆنی تێپەڕاند

لە ئۆکرانیاوە چوونەتە وڵاتانی دراوسێ و لەوێوە چوونەتە وڵاتانی ئەوروپا
پەنابەری ئۆکرانی، وێنە: AFP
پەنابەری ئۆکرانی، وێنە: AFP

K24 - هەولێر:

نەتەوە یەکگرتووەکان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، لە ئۆکرانیاوە کە رووسیا جەنگی بەڕوودا کردووەتەوە، پێنج ملیۆن و 34 هەزار و 439 پەنابەر چوونەتە وڵاتانی دراوسێ.

لە راگەیەندراوێکدا کە لەلایەن کۆمیسیاری باڵای پەنابەرانی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بڵاوکراوەتەوە، زانیاری سەبارەت بە قەیرانی پەنابەرانی ئۆکرانیا خراوەتەڕوو.

لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوە کراوە کە زۆربەی پەنابەرەکان روویان لە پۆڵەندا کردووە کە ژمارەیان (دوو ملیۆن و 825 ھەزار و 463 کەسە)، پاشان رۆمانیا (757 هەزار و 47 کەس)، رووسیا (549 هەزار و 805 کەس)، ھەنگاریا ( 471 ھەزار و 80 کەس)، مۆڵدۆڤا (426 هەزار و 964 کەس)، سلۆڤاکیا ( 342 ھەزار و 813 کەس) و بێلاڕووس (23 هەزار و 759 کەس)، هەروەها لە ناوچەکانی دۆنێتسک و لوهانسک-ەوە، 105 هەزار کەس لە 18-23ی شوبات روویان لە رووسیا کردووە.

بەگوێرەی ئەو راگەیەندراوەکە، لە 24ی شوباتەوە تا 19ی نیسان، پێنج ملیۆن و 34 هەزار و 439 پەنابەر چوونەتە وڵاتانی دراوسێ بە تایبەتی پۆڵەندا.

گوتەبێژی کۆمیسیاری باڵای پەنابەران سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان، شابیا مانتو بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند، بەهۆی ئەوەی ژمارەیەک لە پەنابەرانی ئۆکرانیا لەنێوان وڵاتانی دراوسێدا گەشت دەکەن ژمارەی گشتییان بەرزبووەتەوە.

ئاماژە بەوەش دەکرێت کە سەدان هەزار کەس لە ئۆکرانیاوە چوونەتە وڵاتانی دراوسێ و لەوێوە چوونەتە وڵاتانی ئەوروپا.

رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتیی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاندبوو کە لەناو ئۆکرانیادا، 7،1 ملیۆن کەسی مەدەنی ئاوارە بوون.

نەتەوە یەکگرتووەکان پێشتر لە دەستپێکی جەنگەکەدا پێشبینی کردبوو کە لە ئەگەری هەڵکشانی پێکدادانەکاندا، چوار ملیۆن پەنابەر وڵاتەکە جێبهێڵن.

AA