سامان شاڵی: "دۆسییه‌ی عێراق راده‌ستی به‌ریتانیا كراوه داهاتووی به‌غدا به‌ده‌ستی له‌نده‌نه
K24 – هه‌ولێر:
مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له سه‌ردانێكی فه‌رمی بۆ له‌نده‌ن و ئه‌نجامدانی ژماره‌یه‌ك دیدار و كۆبوونه‌وه‌ی گرنگ له‌گه‌ڵ بۆریس جۆنسن، سه‌رۆك وه‌زیران و به‌شێك له تیمه‌كه‌ی حكومه‌تی به‌ریتانیا، جه‌خت له بره‌ودانی په‌یوه‌ندییه سیاسی و ئابووری و بازرگانیه‌كان كرایه‌وه، جیا له‌وه‌ش گفتوگۆ له‌باره‌ی پرسی وزه كرا.
له‌مباره‌یه‌وه، شاره‌زایه‌كی كاروباری نێوده‌وڵه‌تی به ژووری هه‌واڵی كوردستان24ـی راگه‌یاند، پێگه‌ی جوگرافی و جیۆپۆڵۆتیكی هه‌رێمی كوردستان گرنگی خۆی هه‌یه.
دكتۆر سامان شاڵی، شاره‌زا له كاروباری نێوده‌وڵه‌تی به كوردستان24ـی رایگه‌یاند، له جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌مه‌وه كاتێك به‌ریتانیا و فه‌ره‌نسا سه‌ركه‌وتن، بوونه هۆكاری نه‌هامه‌تی به‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌ی كورد، هه‌روه‌ك له په‌یماننامه‌ی سیڤه‌ر و لۆزان ئه‌مه ره‌نگی دایه‌وه و بووه هۆكاری دابه‌شكردنی كوردستانی گه‌وره.
شاڵی راشیگه‌یاند، ئینگلیزه‌كان شۆڕشه‌كانی شێخ مه‌حموودی حه‌فیدیان له‌ناوبرد، پاش ئه‌وه شۆرشی بارزانییه‌كان، واته ئه‌وكات په‌یوه‌ندییه‌كانی كورد و ئینگلیز به‌مشێوه نه‌بوون.
ئه‌و شاره‌زایه‌ی كاروباری نێوده‌وڵه‌تی گوتی: "له دوای كۆڕه‌وه مه‌زنه‌كه‌ی كورد له ساڵی 1991 به‌ریتانیا و فه‌ره‌نسا بوونه هۆكاری دروستبوونی ناوچه‌ی ئارام، كه بووه هه‌وێنی دروستبوونی په‌رله‌مان و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان". ده‌شڵێت: "دوای ئه‌مه په‌یوه‌ندییه‌كان بوون به سیاسی و بازرگانی، تا ئه‌و ئاسته‌ی كونسوڵگه‌رێتیان له‌هه‌ولێر كرده‌وه، جیا له سه‌ردانه‌كانی كورد بۆ به‌ریتانیا و پشتگیری له‌نده‌ن بۆ هێزی پێشمه‌رگه و شه‌ڕكردن له‌گه‌ڵ داعش".
دكتۆر سامان شاڵی گوتیشی: "دۆسییه‌ی عێراق له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكییه‌كان راده‌ستی به‌ریتانیا كراوه، واته داهاتووی به‌غدا به‌ده‌ستی له‌نده‌نه".