پەکەکە سیاسەتی نه‌یارانی ستراتیژی نوێی هەرێمی کوردستان جێبه‌جێ ده‌كات

ژماره‌یه‌ك چه‌كداری په‌كه‌كه‌
ژماره‌یه‌ك چه‌كداری په‌كه‌كه‌

K24- هه‌ولێر:

لەو کاتەدا کە جیهان بە گشتی و عێراق بە دۆخێکی تایبەتدا تێدەپەڕێت، سوپای تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی فراوانی بۆ سەر پێگەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ناو خاکی هەرێمی کوردستاندا دەست پێ کردووە. بەشێک لە چاودێرانی سیاسی کورد نیشانەی پرسیار دەخەنە سەر جموجۆڵەکانی پەکەکە لەو کاتەدا و پێیان وایە ئەو هێزه بووەته داردەستی دژبەرانی بەرژەوەندی و سیاسەتی نوێی هەرێمی کوردستان.

شەڕی ئۆکرانیا بەردەوامە و هەرچەند لێکەوتەکانی هەر لە سەرەتاوە دەرکەوتووە، بەڵام راستییەکەی ئەوەیە کە کاریگەرییەکانی تا چەندین دەیەی دیکە هەر دەمێنێتەوە. دابەشبوونی نوێی سیستەمی نوێی جیهانی، ئاسایشی خۆراک و وزە، کاریگەرییە سەرەکییەکانی ئەو شەڕەن.

ئەمانە هەموویان کاریگەریان لەسەر داهاتووی سیاسی و ئابووری عێراق دەبێ و لە کەسیش شاراوە نییە کە بەشێکی داهاتووی هەرێمی کوردستان پەیوەست بە چارەنووسی عێراقەوە هەیە.

حەسەن جەباری چاودێری سیاسی لە سلێمانی، پێی وایە "لەو ساتەدا ئەرکی هەموو هێزە کوردییەکانە بە هەستیارییەوە و بە لەبەرچاوگرتنی گۆڕانکارییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان هەڵسوکەوت و سیاسەت بکەن."

بێگومان ئەمە سەرکردایەتی پەکەكه‌ش دەگرێتەوە و شرۆڤەکارانی بواری سیاسەت، ئەو حزبە هان دەدەن کە بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و پرسی کورد لەبەرچاو بگرێ. ئەمە لە کاتێکدایە کە جەمیل بایک هاوسەرۆکی پەکەکە لە پەیامێکدا بە بۆنەی جەژنی نەورۆز، راستەوخۆ باسی لە هێرش بۆ سەر بەرژەوندییەکانی تورکیا و سوپای ئەو وڵاتە کرد.

ئێستا پرسیار ئەوەیە بۆ لەو دۆخەدا پەکەکە بیانووی بۆ ئۆپەراسیۆنێکی فراوانی تورکیا لە ناو خاکی هەرێمی کوردستان بە دەستەوە داوە.

ئۆکرانیا، دابەشبوونێکی نوێ

شەڕی ئۆکرانیا و لێکەوتەکانی، ئەگەر جیهان جارێکی دیکە لە رووی جوگرافیشەوە دابەش نەکات، لە رووی بەرەی سیاسییەوە ئەم کارە دەکات. ئەو وڵاتە کە گەرووی گواستنەوەی وزە و سەبەتەیەکی گرنگی جیهانیی دابینکردنی خۆراکە، تووشی کاولکارییەکی زۆر بووە و وەک بەشێک لە چاودێران دەڵێن، ئۆکرانیا تووشی چارەنووسی سوریا بوو.

ئێستا ئەورووپا و ئەمەریکا بە دوای جێگرەوەی وزە و خۆراکی رووسیا و ئۆکرانیادا دەگەڕێن و سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی لە چەندین کۆڕبەندی نێودەوڵەتیدا دووپاتی کردەوە کە کوردستان توانایی ئەوەی هەیە ببێتە سەرچاوەی دابینکردنی بەشیک لە وزە و خۆراک بۆ وڵاتان.

ئیبراهیم گوشلو سیاسەتمەدار و چاودێری سیاسی لە باکووری کوردستان، پێی وایە بەشێک لە هۆکاری ئۆپەراسیۆنی سوپای تورکیا بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان، پێوەندی بە وزەوە هەیە.

گوشلو دەڵێ: راستییەکەی ئەوەیە کە پەکەکە لە هەر چوار پارچەی کوردستان، دژی بەرژەوەندییەکانی کوردە.

حکوومەتی نوێی عێراق

نه‌یارانی سیاسەتەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ناوخۆ و لە عێراق، وەبەرهێنانی میدیایی و سیاسیی فراوانیان لە سەر ئۆپەراسیۆنی ئەم دواییەی سوپای تورکیا کردووە.

ئەوان دەیانەوێ خەڵک وا تێبگەیەنن کە دوای سەردانەکەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا، ئۆپەراسیۆنی سوپای تورکیا دەست پێ کراوە.

حەسەن جەباری بە شێوەیەکی دیکە لەو بابەتە دەڕوانێ و روو لە پەکەکە، دەڵێ: بۆ لەو دۆخە هەستیارەدا و دوای سەردانی سەرۆکی حکوومەت بۆ تورکیا و هاتنە بەرباسی سه‌رچاوه‌كانی سامان بیانووت بە دەست تورکیاوە دا؟

هەموو ئەمانە پێوەندیان بە پرسی سه‌رچاوه‌كانی سامان و حکوومەتی داهاتووی عێراقەوە هەیە. زیاترین گوشاری ئەو ئۆپەراسیۆنە لە سەر دوو لایانە، پارتی دیموکراتی کوردستان و رەوتی سەدر.

کوردستان بە کارتی ئابووریی خۆژیێن لە ناوچەکەدا بەهێزتر دەبێ و بێگومان تەنیا پارتی دیموکراتی کوردستانە کە دەتوانێ یارییەکی باش لە پێناو بردنەوەی هەموو کوردستانییەکان، بەو کارته‌ بکات. هەر بۆیەش ئێستا گوشارێکی فراوانی لەسەرە.

ئیبراهیم گوشلو زۆر بە ئاشکرا دەڵێ : پەکەکە لە پێناو بەرژەوەندنی هەندێ لایەن و وڵات، دژایەتی هەرێمی کوردستان دەکات.

ئێستا پارتی و سوننە بە هاوبەشی لەگەڵ رەوتی سەدر کار بۆ پێکهێنانی حکوومەتی زۆرینەی نیشتمانی دەکەن. چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە کە بە هێزی نزیک لە ئێران ناسراون، دژی ئەو جۆر حکوومەتەن.

ئێستا لە شەقامی عێراقیدا و بە نیشانداننی هاوپەیمانی سەدر لەگەڵ پارتی و سوننە و کۆبوونەوەی ئەو دوو هێزە لەگەڵ سه‌رۆكی توركیا و ئۆپەراسیۆنی سوپای تورکیا لە ناو خاکی عێراق (وەک خۆیان دەڵێن)، وەبەرهێنانی سیاسی لە پێناو لاوازکردنی پێگەی موقتەدا سەدر کراوە.

هەر بۆیەش سەدر بە خێرایی کاردانەوەی بەرامبەر بەو ئۆپەراسیۆنە نیشان دا و گووتی: لە دووبارەبوونەوەی هێرشەکانی تورکیا بێدەنگ نابین.