چاوشئۆغڵو رەخنە لە وڵاتانی ئەندامانی ناتۆ دەگرێت

"دەیانەوێت شەڕی ئۆکرانیا درێژە بکێشێت"
مەولوود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا
مەولوود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا

K24 - هەولێر

وەزیری دەرەوەی تورکیا رەخنە لە وڵاتانی ئەندامانی ناتۆ دەگرێت و دەڵێ: بۆ بێهێزکردنی رووسیا، دەیانەوێت شەڕی ئۆکرانیا درێژە بکێشێت.

مەولوود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "بەشێک لە وڵاتانی ئەندامی ناتۆ دەیانەوێت شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا درێژە بکێشێت، ئامانجی ئەو وڵاتانەش لاوازکردنی رووسیایە".

ئەم هەڵوێستەی تورکیا لە کاتێکدایە پێشتر ئەنقەرە دوو گەڕی دانووستانی نێوان رووسیا و ئۆکرانیای بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە شەڕ رێکخستووە، بەڵام هیچ ئەنجامێکی نەبووە.

جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا نزیک دەبێتەوە لە سێ مانگ، رووسیا چەند شار و ناوچەیەکی ئۆکرانیای کۆنترۆڵ کردووە و بەشێک لە شارەکانیش بەهۆی بۆردومان و تۆپباران وێرانبوون.