گەمارۆی سەر نەوت و گازی رووسیا کەی جێبەجێ دەکرێت؟

"یەکێتیی ئەوروپا سوورە لەسەر بابەتی راگرتنی پشت بەستن بە وزەی رووسیا"
چارلز میشێل لەگەڵ سەرۆکی ئۆکرانیا، ڤۆڵۆدیمیر زێلێنسکی
چارلز میشێل لەگەڵ سەرۆکی ئۆکرانیا، ڤۆڵۆدیمیر زێلێنسکی

K24 - هەولێر:

سەرۆکی کۆنسەی یەکێتی ئەوروپا، چارلز میشێل رایگەیاند، دڵنیایە لەوەی کە گەمارۆی یەکێتی ئەوروپا بۆسەر نەوت و گازی رووسیا "درەنگ یان زوو" جێبەجێ دەکرێت.

چارلز میشێل لەدوای سەردانی بۆ شاری بۆرۆدیانکا کە ئۆکرانیا کۆنترۆڵی کردووەتەوە، لەگەڵ سەرۆکی ئۆکرانیا، ڤۆڵۆدیمیر زێلێنسکی کۆبوویەوە و کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی ھاوبەشیان ئەنجامدا.

چارلز میشێل لە شاری بۆرۆدیانکا
چارلز میشێل لە شاری بۆرۆدیانکا

میشێل گوتی: "ئەمانە دڕندەییە. ئەمانە ھەمووی تاوانن. دەبێت سزابدرێن. سزادەدەرێن"، و ئاماژەی بەوە کرد، چونکە سەرکەوتنی ئۆکرانیایان دەوێت سوورن لەسەر پێشکەشکردنی ئەوەی لە دەستیان بێت بۆ پاڵپشتیکردنی ئەو وڵاتە.

سەرۆکی کۆنسەی یەکێتیی ئەوروپا جەختی لەوە کردەوە کە یەکێتییه‌كه‌ی ئۆکرانیا دڵنیا کردووەتەوە کە پاڵپشتی دەکات و گوتی: "تا ئەمڕۆ چەندین بڕیاری یەکلاکەرەوەمان داوه‌. ئەمە بەس نییە، بۆیە بە بەردەوامی کار لەسەر زیادکردنی فشار بۆ سەر رووسیا دەکەین".

سەبارەت بە ئەندامێتیی ئۆکرانیا لە یەکێتیی ئەوروپا، چارلز میشێل باسی لەوە کرد کە جیاوازی بیروڕا لە ناو یەکێتی ئەوروپا سەبارەت بە پێواژووی ئەندامبوون "شاراوە نییە" و دووپاتیکردەوە کە ئەمە پێواژوویەکی یاسایی و لە ھەمان كاتدا سیاسییە.

میشێل ئەوەشی خستەڕوو کە دەبێت کۆمیسیۆنی یەکێتی ئەوروپا تا کۆتایی مانگی حوزەیران بۆچوونی خۆی ئاشکرا بکات و جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ خۆشی لەگەڵ ئەنجامدانی ئەمە دەست بە پێواژووی ھەڵسەنگاندن دەکات.

سەبارەت بە گەمارۆی سەر نەوت و گازی رووسیا، سەرۆکی کۆنسەی یەکێتیی ئەوروپا رایگه‌یاند: "خودی خۆم لەوە دڵنیام کە ئەمە درەنگ یان زوو بڕیاری لەسەر دەدرێت چونکە یەکێتیی ئەوروپا سوورە لەسەر بابەتی راگرتنی پشت بەستن بە وزەی رووسیا".

AA