کڵاو و گوللـەنەبڕەکەی زێلێنسکی دروستکراوی چ وڵاتێکە؟

لە سەرەتای جەنگەوە 20 کڵاو و چاکەتی گوللـەنەبڕیان بۆ زێلێنسکی و تیمەکەی ناردووە
سەرۆکی ئۆکرانیا، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی
سەرۆکی ئۆکرانیا، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی

K24 - هەولێر:

لە سەردانێکی وەزیری پیشەسازیی و تەکنەلۆجیای تورکیا، مستەفا ڤارانک بۆ کارگەیەک لە پارێزگای یۆزگات ناوەڕاستی وڵاتەکە، ئەوە ئاشکرا کرا کە، کڵاو و جلوبەرگە گوللـەنەبڕەکەی سەرۆکی ئۆکرانیا، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی و تیمەکەی لە تورکیا بەرهەمهێنراوە.

وەزیری پیشەسازیی و تەکنەلۆجیای تورکیا، مستەفا ڤارانک سەردانی کارگەکەی کرد، وێنە: AA
وەزیری پیشەسازیی و تەکنەلۆجیای تورکیا، مستەفا ڤارانک سەردانی کارگەکەی کرد، وێنە: AA

مستەفا ڤارانک سەردانی کارگەی گارانتی کۆمبۆزیت-ی کرد و لە میانیدا بەشەکانی بەرهەمهێنانی جلوبەرگی گوللـەنەبڕ و ئۆتۆمبێلی زرێپۆشی، بەسەرکردەوە.

سەرۆکی ئۆکرانیا، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی
سەرۆکی ئۆکرانیا، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی

ئەو کارگەیە رایەنگەیاند، لەسەر داوای ئۆکرانیا و لە رۆژانی یەکەمی ئاڵۆزییەکانی نێوان ئۆکرانیا و رووسیادا، 20 کڵاو و چاکەتی گوللـەنەبڕیان بۆ زێلێنسکی و تیمەکەی ناردووە.

بەڕێوبەری کارگەی گارانتی کۆمبۆزیت، ڤه‌دات تۆزیەر، لە میانی گوتەکەیدا رایگەیاند، کارگەکەیان سووکترین کڵاوی گوللـەنەبڕ لەسەر ئاستی جیهان بەرهەم دەهێنێت.

ئاماژەی بەوەشکرد کە لە ساڵی 2013ـەوە بەرهەمەکانیان هەناردەی زیاتر لە 50 وڵات دەکەن و نزیکەی لەسەدا 80ـی پێداویستییەکانی تورکیا لە کڵاوی گوللـەنەبڕ پڕدەکەنەوە.

AA