وه‌زاره‌تی رۆشنبیری: پابەندبن بە ئیتیک و ئەخلاقیاتی کاری رۆژنامەنووسی

وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و لاوانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بەبۆنەی رۆژی رۆژنامەگەری کوردییەوە په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌
"پابەندبن بە ئیتیک و ئەخلاقیاتی کاری رۆژنامەنووسی"
"پابەندبن بە ئیتیک و ئەخلاقیاتی کاری رۆژنامەنووسی"

K24- هه‌ولێر:

وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و لاوانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بەبۆنەی رۆژی رۆژنامەگەری کوردییەوە په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌، تێیدا هاتووه‌، بە بۆنەی ساڵوەگەڕی رۆژی رۆژنامەگەریی کوردییەوە، پیرۆزبایی لە هەموو رۆژنامەنووسان و میدیاکارانی کورد، لە هەر چوار پارچەی کوردستان دەکەین.

وه‌زاره‌تی رۆشنبیری له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا راشیگه‌یاند، دروود بۆ گیانی پاکی رۆژنامەنووسە شەهیدەکان دەنێرین، کە گیانی خۆیان لە رێی سەربەخۆیی نیشتمان و ئازادی را دەربڕین و پاراستنی زمان و کولتووری گەلەمان بەخشیووە.

هه‌روه‌ها وه‌زاره‌تی رۆشنبیری ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، پابەندبوونمان بە سیاسەتی حکومەتی هەرێم و هەموو یاسا پەیڕەوکراوەکان دووپات دەکەینەوە، کە بە ماندووبوون و خەمخۆری دڵسۆزانی ئازادی هاتوونەتە ئاراوە.

وه‌زاره‌تی رۆشنبیری به‌ بۆنه‌ی یادی رۆژنامه‌گه‌ری كوردییه‌وه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، لە رێی یاسا کارپێکراوەکانی هەرێمی کوردستان و پره‌نسیپە نێودەوڵەتییەکانەوە، کار لە پێناو پاراستنی ئازادییەکان و بەرزڕاگرتنی بەها کۆمەڵایەتی، نیشتمانیی، ئاشتەوایی و پێکەوەژیانی کۆمەڵایەتی و قبووڵکردنی جیاوازییەکان دەکەین وەک داینەمۆی پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی.

وه‌زاره‌تی رۆشنبیری داوا ده‌كات بە یاساکاندا بچنەوە و هەنگاو بە هەنگاو لەگەڵ پێشکەوتنی کۆمەڵگای خۆمان و فراوانبوونی بازنەی جیهانیی ئازادییەکان، گۆڕانکاری پێویستیان تێدا بکەین. ده‌شڵێت:  "پابەندبوون بە ئیتیک و ئەخلاقیاتی کاری رۆژنامەنووسی و میدیا و دوورکەوتنەوە لە زمانی تەشهیر و ناوزڕاندن و هەڵبەستنی هەواڵی نادروست و هەڵپەکردن بۆ بازاڕگەرمیی دەخوازێ، بە تایبەتی لە کۆمەڵگایەکی وەک کۆمەڵگای کوردستان، کە فرە نەتەوە و ئایین و مەزهەبە و بە قۆناغێکی سەختی بنیاتناندا تێدەپەڕێ و کۆسپ و تەگەرە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی بەردەمی زۆر و زەوەندن.