مەسرور بارزانی و بەریتانیای مەزن

Kurd24

بەریتانیا، ئەكتەرێكی بەهێزی ئاراستەكردنی سیاسەتی جیهانییە بەتایبەتی لە ئەورووپادا، ئەگەر هەر بڕیار و پێشهاتێكی سیاسی لە ئاستی جیهاندا، بە دڵی لەندەن نەبن، ڕەنگە جێبەجێكردنیان ئاستەم بێت، ئەو زلهێزە، هەركات بیەوێت دەتوانێت گرفت بۆ وڵاتان و كۆمەڵگەكان دروست بكات و بەهۆی پێگە سیاسی و جوگرافی و ئابوورییەكەیەوە، ڕۆڵی بەرچاوی لە ئابووریی جیهانیدا هەیە، وێڕای ئەمە هاوپەیمانێكی پتەوی ئەمەریكایشە كە وەك دوو زلهێز نەخشەڕێگەی سیاسەتی بلۆكبەندییەكەیان دادەنێن و ئێمەش لەنێو ئەو بلۆكەداین، لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراقیش، لەندەن لە ڕابڕدوو و ئێستاشدا جێدەستی لە دیزاینکردنی بەشێک لە وڵاتانی ئەم ناوچەیە هەیە و لە داهاتووشدا بەردەوامی دەبێت. هەروەها لە سۆنگەی ئەوەی خۆی بە باڵادەستی ئەورووپا دەزانێت و پێیوایە پێگەكەی لە ئەندامێتی ئەو ڕێكخراوە گەورەترە، لەندەن بە ئارەزووی خۆی بڕیاری كشانەوەی لە یەكێتیی ئەورووپا دا و دوای بڕیارەكەش، دەیەوێت هاوبەشی نوێی ئابووری و سیاسی بدۆزێتەوە، بە دیاریكراویش لەڕووی وزەوە، كوردستانیش ئێستا وزەی هەیە و لە داهاتوودا ڕەقەمە بەهێزەكەی وزەی جیهانی دەبێت، لەكاتێكدا ئەو پێگە گرنگەی وزەی كوردستان لەگەڵ هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆكرانیا فۆكەسی نوێی خرایە سەر و لە ئەگەری پچڕانی پەیوەندییەكانی یەكێتیی ئەورووپاشەوە لەگەڵ مۆسكۆدا، ئەورووپاییەكان پێویستییان بە وزەی كوردستان دەبێت.

لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە گوێرەی پلانێكی نوێ و ستراتیژی، دەستیكردووە بە جووڵەیەكی دیپلۆماسی بۆ دەوڵەتان و كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆكی حكوومەت و بەرپرسانی ئەو وڵاتانە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكکۆماری توركیا كۆبوونەوە، ئەم دیدارەیان هاوكاتە لەگەڵ ئەگەری گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە و جەنگی ڕووسیا و ئۆكرانیا كە بەدیلی وزەی ڕووسیا بەشێكی تاوتوێكردنی لێكەوتەكانی جەنگەكەیە، هاوكات سەرۆکی حکوومەت سەردانی بەریتانیای مەزنیشی كرد و لەگەڵ بۆریس جۆنسن سەرۆكوەزیران و ژمارەیەك بەرپرسی باڵای پێشوو و ئێستای بەریتانیا دیداری هەبوو، گرنگی ئەم سەردانەی لەوەدایە، ئەو پیاوە سیاسییەكی هۆشیارە و دەزانێت چی دەكات و چی ناكات، زۆر باش دەزانێت بۆچی لەم قۆناغەدا سەردانی بەریتانیا دەكات! ئەو باوەڕی بە كردارە نەك فڕێدانی دروشم و خۆنیشاندانی سەر شاشەكان، بڕیارەكانی ستراتیژین و ئەودیوی تونێلەكە دەبینێت، دەزانێت وڵاتەكەی و خەڵكەكەی بەرەو چ داهاتوو و ئاسۆیەك دەبات، لەبەر ئەوەیە نەیارانی حکوومەت سەنگەری لێ دەگرن و كارە باشەكانی باس ناكەن، ئەگەر باسیشی بكەن، ڕێك بە پێچەوانەوە دەیورووژێنن، بەوەی هەوڵ دەدەن لە ڕێگەی ڕاگەیاندن و سۆشیاڵمیدیاوە خەڵكی چەواشە بكەن و ڕایگشتی بۆ مەرامی حیزبی بجووڵێنن، باکیان بە بژێوی و سەقامگیریی کوردستان نییە، تەنیا بەرژەوەندیی خۆیان نەبێت، لە بەرانبەردا مەسرور بارزانی لەسەر ڕێچكەی سیاسەتی ستراتیژیی نەتەوەییانە كار دەكات و جگە لە كاروباری كارگێڕیی حكوومەت، دەزانێت چۆنچۆنی لەگەڵ وڵاتاندا سیاسەت دەكات و هەوڵەکانی بۆ دۆزە گەورەکەی کوردستان بەگەڕخستووە!

سەردانەکەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەریتانیا و كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی ئەو وڵاتەدا، بۆ ئەم قۆناغەی كورد زۆر گرنگە، بەڵام بۆ نەیارانی كورد، شۆكە، ئەو دیدارە وای كرد نەیانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تووشی فۆبیا و لەرزین ببن، بۆچی؟ ئەوان دەمێك بوو دەیانگوت بەریتانیا نێوانی لەگەڵ هەولێردا خۆش نییە، بەو سەردانەی بۆ بەریتانیا و دەركەوتنی لەگەڵ سەرۆكوەزیران بۆریس جۆنسندا، مەسرور بارزانی سیحرەكەیانی بەتاڵ كردنەوە و ڕیسەكەی لێ كردنەوە خوری، ئاماژەکانیش دەڵێن ئیدی لەسەر دەستی مەسرور بارزانیدا پەیوەندییەكانی بەریتانیا و هەرێمی كوردستان پێشدەكەوێت و فراوانتر و چەندین سێكتەری نوێی لێ دەبێتەوە، چونكە خۆی دەزانێت بۆچی چووەتە بەریتانیای مەزن!

دیوێکی تری سەردانەکانی سەرۆکی حکوومەت بۆ بەریتانیا، لەوەدا سەركەوتنی ئەو دەگەیەنێت، لەكاتێكدا نەیارانی حکوومەت لە سلێمانیدا گیریانخواردووە و بە دەوری خۆیاندا دەخولێنەوە، كەچی مەسرور بارزانی هەر ڕۆژەی لە وڵاتێك و دیداری لەگەڵ سەرۆكی وڵاتانی زلهێزدا هەیە، هەر بەجدی نەیارانی حکوومەت ئەگەر بە ڕاستی دڵخۆشن بەوەی چەند کەسێک لە بەریتانیا دژی سەردانەکەی سەرۆکی حکوومەت گردبوونەتەوە و پێیانوایە بەو ڕەفتارەیان لە بەرانبەر حکوومەتدا براوە دەبن، ئەوپەڕی نەزانی و خۆبچووكتر کردنەوەیە، ئاخر حکوومەتی هەرێم باوەڕی بە ئازادیی ڕادەربڕین هەیە و بە خۆپیشاندانێک کە خۆڕسک نییە، ناڕووخێت، بەڵام لە ڕوانگەی دیموکراسییەوە خۆپیشاندان هەمیشە ڕێزلێگیراوە، خۆپیشاندانێک بەو مەرجەی بەحیزبی نەکرێت و ئامانجی چاککردنی گرفتێک بێت لەپێناو بەرژەوەندیی گشتیدا نەک جۆرە گردبوونەوەیەکی حیزبی بێت بۆ ناشیرینکردنی کۆی ئەزموونی کوردستان و بۆ سوودگەیاندن بە نەیارانی هەرێمی کوردستان.

نەیارانی حکوومەت لە سەرەتای کابینەی نۆیەمەوە بە هەموو ڕێگە و کەناڵێکەوە دژی حکوومەت وەستانەوە، لێ ئەو سیاسەتە ستراتیژییەی سەرۆکی حکوومەت گرتیەبەر، چونکە ئیرادەیەکی بەهێزی هەبوو، ئەنجامی ئەرێی لێکەوتووەتەوە و پێگەی هەرێمیش بەهێزتر بووە، تا ئاستی ئەوەی بە پاڵپشتی بەغداش نەیانتوانی زەفەر بەو ڕێگە دروستەی چاکسازی و شێوازی حوکمڕانێتی تەندروستی سەرۆکی حکوومەت ببەن، لەسەر ئاستی پەیوەندییەکانی دەرەوە هەرێمی کوردستانیش پێشکەوتنی باشی بەخۆوە دیوە و ئێستاش پرۆسەکە لەسەر دەستی سەرۆکی حکوومەت گەشەی کردووە و بەریتانیاشی گرتەوە. بەهۆی بیرکردنەوەی ستراتیژییانەی سەرۆکی حکوومەت بە سوودوەرگرتن لە هەلومەرج و دەرفەتە نێودەوڵەتییەکان قۆناغێکی نوێی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات.