نێچیرڤان بارزانی: پشتگيری له‌ئازاديى ‏رۆژنامه‌گه‌رى و ‏راده‌ربڕين ده‌كه‌ین

نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان
نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان

K24 – هه‌ولێر:

نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ په‌یامێكدا كه‌ به‌ بۆنه‌ی 124 ساڵه‌ی یادی رۆژنامه‌گه‌ری كوردیی بڵاویكرده‌وه‌، رایگه‌یاند، جه‌خت له‌ هه‌ڵوێستى پشتگيريمان له‌ ديموكراسى، ئازادييه‌كان، ئازاديى ‏ڕۆژنامه‌گه‌رى و ‏ڕاده‌ربڕين، مافه‌كانى مرۆڤ و سه‌روه‌ريى ياسا ده‌كه‌ينه‌وه.

له‌ په‌یامه‌كه‌دا هاتووه‌: له‌م ياده‌دا به‌  رێز و شكۆوه‌ يادى ته‌واوى ئه‌و  رۆژنامه‌نووسانه‌ى كوردستان‌ ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ ‏له‌ ‏هه‌موو قۆناغه‌كاندا، خزمه‌تيان به‌ كايه‌ى  رۆژنامه‌گه‌ريى كوردستان كردووه‌ و سه‌رده‌مى ‏شۆڕش ‏و دواى ئازادييش، به‌ كارامه‌يى و پيشه‌يى، ئه‌ركى خۆيان  راپه‌ڕاندووه‌ و ‏هه‌ندێكيشيان له‌م ‏پێناوه‌دا سه‌ريان نايه‌وه‌ و گيانيان سپارد.‏

هه‌روه‌ها هاتووه‌: له‌م‌ بۆنه‌يه‌دا جه‌خت له‌ هه‌ڵوێستى پشتگيريمان له‌ ديموكراسى، ئازادييه‌كان، ئازاديى ‏ڕۆژنامه‌گه‌رى و ‏ڕاده‌ربڕين، مافه‌كانى مرۆڤ و سه‌روه‌ريى ياسا ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه كۆڵه‌كه‌ى‌ ‏سه‌ره‌كيى هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌يه‌كى ئازاد و پێشكه‌وتوون‌ و گه‌لى ‏كوردستان له‌پێناوياندا خه‌بات و ‏تێكۆشانى كردووه‌ و خوێن و گيانى بۆ كردووه‌ته‌ قوربانى، بۆيه‌ ‏هه‌رگيز ده‌ستبه‌رداريان ‏نابێت، ئێمه‌ش وه‌ك هه‌ميشه‌ به‌ هه‌موو توانايه‌ك پارێزه‌ريان ده‌بين.‏

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی په‌یامه‌كه‌دا هاتووه‌: هه‌ر له‌م ياده‌دا داكۆكى له‌ بايه‌خ و گرنگيى رۆژنامه‌گه‌رى و ئه‌ركى  رۆژنامه‌نووسان ‏ده‌كه‌ينه‌وه‌ ‏كه‌ هه‌ميشه‌  ره‌چاوى كارامه‌يى و پيشه‌ييبوون بكه‌نه‌وه‌، ئه‌ركه‌كه‌يان به‌رپرسانه‌ و ‏‏به‌ دروستى  راپه‌ڕێنن، به‌ ويژدانه‌وه‌  راستييه‌كان وه‌ك خۆى بگه‌يه‌نن، به‌رژه‌وه‌نديى ‏باڵاى ‏وڵات بخه‌نه‌ سه‌رووى هه‌موو شتێكه‌وه‌، به‌  ره‌خنه‌ى بنياتنه‌ر و تێبينى و سه‌رنجتان، ‏هاوكار و ‏يارمه‌تيده‌رى داموده‌زگا و دامه‌زرا‌وه‌ نيشتمانييه‌كان بن، بۆ  راستكردنه‌وه‌ى هه‌ڵه‌كان و ‏‏باشتركردنى ئه‌زموونى هه‌رێمى كوردستان.‏