ئاسۆیەکی تازە لە پەیوەندییەکانی کورد و بەریتانیا

Kurd24

سەد ساڵ زیاترە بەریتانیا، وەک ئەندازیاری داڕشتنەوەی سنوورەکانی دوای جەنگی یەکەمی جیهان و ئەندازیاری دروستکردنی چەند دەوڵەتێکی تازە لە رۆژهەلاتی ناوەڕاستدا رۆڵی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی لەو رووداوانه‌ گێڕاوە، کە لە ناوچەکە و لەو وڵاتانەدا روودەدەن.

عێراق وەك دەوڵەتێکی دروستکراوی دەستی ئەو ئەندازیارە، ماوەیەك بە حوکمکردنی راستەوخۆ و دواتریش بە ناڕاستەوخۆ، تا ئێستاش بەردەوام لەژێر هەژموون و کارکردن بۆ هێشتنەوەی هەژموونی ئەندازیارە دروستکەرەکەی دابووە. هەرێمی کوردستان وەک بەشە لکێنراوەکەی عێراق، هەردەم کارلێکراوی ئەو یارییانەی سەپاندنی ئەجێندا و هەژموونه‌ بووە، کە لەسەر عێراق و دەوروبەری، لەلایەن ئەو ئەندازیارە و خاوەن بەرژەوەندییەکانی دیکەوە پیادە کراون.

بزووتنەوەی سیاسی کوردستانیش لە نێو ئەو ئەجێندایەدا ئامادەیی هەبووە و جۆری پەیوەندییەکانی بە پێی پێگە و کات و سەردەم، جیاوازییەکانی چوونەپێش و لە شوێنی خۆیدا مانەوە و گەڕانەوە بۆ دواوەی بەخۆیەوە بینیووە.

ئەگەر لەو روانگەیەوە سەیری سەردانی بەڕێز مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەریتانیا بکەین، دەتوانین وەک یەکێك لە گرنگترین ئەو سەردانانەی بژمێرین، کە لە 30 ساڵی رابردوودا، لەلایەن بزووتنەوەی سیاسی کوردستان و دەزگا و کەسایەتییە فەرمییە حکومی و پەرلەمانییەکانەوە، بۆ بەریتانیا ئەنجام دراوە. ئەوەش خۆی لە ئاستی پێشوازیکردن و جۆری پرۆتۆکۆل و پلانی سەردان و دیدارەکانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبینێتەوە، کە لە ئاستی ئەو پێشوازی و پرۆتۆکۆلە بوو، کە بۆ سەرۆکی وڵاتان پیادە دەکرێت.

جگە لەوەی لە ماوەی دوو ڕۆژدا، سەرەڕای دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەڕێز (بۆریس جۆنسۆن) سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا، کە بە فەرمی و لە میدیای ئەو وڵاتەدا گرنگی زۆری پێدرا، دیداری لەگەڵ زۆربەی وەزیرە گرنگەکانی کابینەی حکومەتی بەریتانیادا هەبوو، هەر لە (وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری ئاسیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست)، (وەزیری کاروباری وزە و بازرگانی)، (وەزیری پەروەردە)، (وەزیری دەرەوە)، (وەزیری دەوڵەت بۆ کاوروباری بەرگری)، (وەزیری ناوخۆ) تا دەگاتە دیدار لەگەڵ هەردوو سەرۆک وەزیرانە کاریگەرەکانی پێشووتر، سێر (جۆن مێجەر) و (تۆنی بلێر) کە هەردووکیان رۆڵیان هەبووە لەسەر چارەنووسی عێراق و ئاییندە و پاراستنی هەرێمی کوردستان.

گرنگییدان بە جۆر و ئاستی پڕۆتۆکۆل، پێشوازی و دانانی بەرنامە، ئەجێندای کۆبوونەوەکان و رێکخستنی کۆبوونەوە لە بەرزترین ئاستدا، لەگەڵ سەرۆك وەزیران و وەزیرە گرنگەکانی کابینە لە یەکێك لە پێنج دەوڵەتە زلهێزەکەی جیهان، رووداوێکی هەروا ئاسایی و راگوزەر نییە و پێویستە هەڵوەستە و خوێندنەوە و شرۆڤەی زۆری بۆ بکرێت. ئەم سەردانە چەندان پەیام و ئاماژە و نامەی گرنگی بۆ ناوچەکە و ناوخۆی عێراق و هەرێمی کوردستان تێدان و دیاریکردن و دەرخستنی رۆڵی گرنگی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پێگەی لایەنە هاوبەش و دۆستەکانە لە ناوخۆی عێراق و هەرێمی کوردستاندا. ئەوەش بەرەنجام و لێکەوەتەی ئەو هەوڵە بەردەوام و لێبراوانەیە، کە مەسرور بارزانی هەم لە بواری دیپلۆماسیی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لەگەڵ وڵاتان دەیکات، هەم ئەو رۆڵە گرنگەی کە بۆ چاکسازی و حوکمڕانییەکی دروست و پیادەکردنی ئیرادە و بڕوابەخۆبوون و بەرگریکردن لە مافەکان لە ئیدارەدانی فایلەکانی حوکمڕانێتی لە هەرێمی کوردستان دەیکات. جێی باسە ئاماژە بەوە بدەین، کە لە دوای هەر قەیرانێکی ئابووری و سیاسی و هەڕەشە کە بۆ خەڵکی کوردستان و حکومەتەکەی دروست دەکرێت، بە بەرپرسیارێتی هەڵگرتن و زانایی ئیدارەدانی مەسرور بارزانی، تێدەپەڕێنرێت و دەرگای دیكه‌ بەڕووی خەڵکی کوردستاندا دەکرێتەوە.

بە بڕواشەوە، ئەو رێککەوتن و لێکتێگەیشتنانەی کە لەو سەردانەدا لە بەریتانیا، لە بوارە ئابووری و سیاسییەکان و پەیوەندییەکانی دوولایەنە کراون، لە ئاییندەیەکی نزیکدا دەرەنجامەکانی دەردەکەون و ئاسۆی دیكه‌ بەڕووی خەڵکی کوردستاندا دەکرێتەوە.

دەرفەتێکی گونجاوە لێرەدا ئاماژە بە رستەیەکی (تۆنی بلێر) سەرۆک وەزیرانی پێشووتری بەریتانیا بکەم، کە توانی دوای 18 ساڵ لە ئۆپۆزسیۆن بوون، لە ساڵی 1997دا سەرکردایەتی حزبەکەی بەرەو سەرکەوتن بکات، لە دەستپێکی بیرەوەرییەکانیدا بە ناوی (A Journey) دەڵێت: (میللەتان ناتوانن بە هەڵپەڕین و سەما مێژوو دروست بکەن)، واتە مێژووی میللەتان لە رێی پلان و کاری جددی و دانانی ستراتیژ و بڕوابەخۆبوون و سەرکردایەتی لێزانەکان دروست دەکرێت، کە لە ئێستای کوردستاندا، مەسرور بارزانی لەو سەرکردانەیە.

 

* وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار