زیلینسکی: ئێمە تەنیا بۆ سەربەخۆیی شەڕ ناکەین

"ئەمە قێزەونترین کاری رژێمەکانی پێشووە کە لە دژی ئێمە کردبوویان"
ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا
ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا

K24 - هەولێر:

ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکرانیا لە نوێترین گوتاریدا گوتی: "ئێمە بۆ پاراستنی ئۆکرانییەکان شەڕ دەکەین، بۆ ئەوەی خەڵکی ئێمە لەسێدار و ئەشکەنجە نەدرێت."

زیلینسکی لە گوتارەکەیدا ئەوەی خستەڕوو، "ئێمە لە دژی هێزەکانی رووسیا شەڕ دەکەین، ئێمە تەنیا بۆ سەربەخۆیی شەڕ ناکەین، بەڵکو بۆ پاراستنی ئۆکرانییەکان شەڕ دەکەین، بۆ ئەوەی خەڵکەکەمان لە سێدارە و ئەشکەنجە نەدرێت.

سەرۆکی ئۆکرانیا گوتیشی: "شەڕ دەکەین بۆ ئەوەی ئۆکرانییەکان دیپۆرتی رووسیا نەکرێتەوە. تاوەکو ئێستا رووسیا نزیکەی 500 هەزار ئۆکرانی گواستووەتەوە رووسیا. بەمە دەگووترێت دیپۆرتکردنەوە."

لەبارەی گواستنەوەی ئۆکرانیەکان بۆ رووسیا زیلینسکی گوتی: "ئەمە قێزەونترین کاری رژێمەکانی پێشووە کە لە دژی ئێمە کردبوویان. هەموو شتێک لەو ئۆکرانیانەی دیپۆرتکراونەتەوە ستەندراوەتەوە. هیچ دۆکیومێنتێکیان لەلا نییە. ئەوان لە چەند ناوچەیەکی جیاوازی رووسیا جێگیر کراون."

ئه‌مڕۆ شه‌ڕی ئۆكرانیا پێی نایه‌ په‌نجاو حه‌وته‌مین رۆژییه‌وه‌، ژێرخانی ئابووری وڵاته‌كه‌ داته‌پیوه‌. شه‌ڕ و پێكدادانی نێوان سوپای رووسیا و ئۆكرانیا تا دێت سه‌ختتر ده‌بێت. ده‌یان سه‌ربازی ئۆكرانی له‌ ماریۆپۆڵ گه‌مارۆ دراون.