سوپای تورکیا کوژرانی سەربازێکی دیکەی لە شەڕی پەکەکە راگەیاند

شەڕ و پێکدادان لە ناوچە سنوورییەکان بەردەوامە
ئەرشیف
ئەرشیف

K24 – هەولێر

سەربازێکی دیکەی تورکیا لە شەڕی پەکەکە کوژرا و پێکدادان لە ناوچە سنوورییەکان بەردەوامە.

لە بەیاننامەیەکدا وەزارەتی بەرگری تورکیا ئاشکرای کرد، لە شەڕ و پێکدادانەکانیان لەگەڵ پەکەکە لە چوارچێوەی ئۆپەرایسۆنی "قفڵی چنگ"، سەربازێکی دیکەیان کوژراوە.

دوێنێش رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاند "لە ئۆپەراسیۆنەکەیان دژی پەکەکە سێ سەربازی تورکیا و 45 چەکداری پەکەکە کوژراون".

لەلایەکی دیکەوە وەزارەتی بەرگری تورکیا رایگەیاند، پۆلیسێکیان لە باکووری سووریا کوژراوە، بێئەوەی هۆکارەکەی و ناوچەکە ئاشکرا بکات.

لە 18/4/2022، سوپای تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی وشکانیی و ئاسمانی لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان باکوور و هەرێمی کوردستان دەستپێکرد.

بەگوتەی خوڵوسی ئاکار، وەزیری بەرگری تورکیا ئۆپەراسۆسیۆنەکە لەژێرناوی "قفڵی چنگ"-ی بۆ سەر ئامانجەکانی پەکەکە ناوچەکانی مەتینا، زاپ و ئاڤەشین- باسیان دەگرێتەوە.