عێراق قۆناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنی "ئیرادەی پتەو"ی دەستپێکرد

بۆ راوەدونانی چەکدارانی داعش و لە نێوبردنی حەشارگەکانیان
ئەرشیف
ئەرشیف

K24 - هەولێر

عێراق قۆناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنی "ئیرادەی پتەو"ی بۆ راوەدونانی چەکدارانی داعش دەستپێکرد.

فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە لە ناوچەکانی رۆژئاوای عێراق قۆناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنی ئیرادەی پتەویان دەستپێکردووە، بۆ راوەدونانی چەکدارانی داعش و لە نێوبردنی حەشارگەکانیان.

فەرماندەییەکە ئاماژەیداوە، بەشێک لە فەرماندەییەکانی ئەنبار و جەزیرە و کەربەلا و هێزەکانی پاسەوانی سنوور و حەشدی شەعبی لە رۆژائاوای ئەنبار و فوراتەوە بەشداری ئۆپەراسیۆنەکە دەکەن، کە هێزی ئاسمانی تاوەکوو قوڵایی بیانانەکان بۆ کێوماڵکردنی ناوچەکان پشتیوانیان دەکات.

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەیرانی عێراق بڵاویکردەوە، مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی عێراق، بە مەبەستی سەرپەرشتیکردنی قۆناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنی "ئیرادەی پتەو" لە ناوچەکانی رۆژئاوای پارێزگای ئەنبار، گەیشتە بارەگای فەرماندەیی ھێزەکانی پاسەوانی سنوور لە پارێزگاکە.

ئاماژە بەوەشکراوە، كازمی بەڵێنی سەرکەوتنی زیاتری بەسەر داعش و لەناوبردنی ئەمیری نوێی ئەو گرووپەی داوە.

بڕیارە لە باشووری کەرکووکیش ئۆپەراسیۆنێکی دیکە بۆ کێوماڵکردنی ناوچەکان بکرێت، ئەمەش کە کاتێکدایە هەفتە رابردوو چەکدارانی داعش تەنیا لە سنووری دیالە زیاتر لە چوارجار هێرشیان کردە سەر پۆلیسی فیدراڵی و حەشدی شەعبی.