عەلی باباجان لە دیاربەکر باسی چارەسەری پرسی کورد دەکات

پارتی دەڤا: رۆڵی هەرێمی کوردستان بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گرنگە
عەلی باباجان، سەرۆکی پارتی دەڤا
عەلی باباجان، سەرۆکی پارتی دەڤا

K24 - دیاربەکر

عەلی باباجان، سەرۆکی پارتی دەڤا، لە کاتی بەشداربوون لە بەرنامەی پارتەکەی بۆ بەربانگ لە دیاربەکر، سەرجەم پەیامەکانی بە ئاراستەی پرسی کورد و چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە بوون.

بەرپرسانی پارتی دەڤا دەڵێن، ستراتیژی پارتەکەیان چارەسەرکردنی کێشەی کوردە و جەختیش دەکەنەوە، هەرێمی کوردستان بۆ ئارامی ناوچەکە خاوەن رۆڵێکی گرنگە.

لە لێدوانێکدا عەلی باباجان، گوتی: "لە رابردوودا چەند قۆناغێکی پرۆسەی ئاشتی هاتنە ئاراوە، ئەو رۆژەی تەقەی تفەنگەکان وەستێنرا مرۆڤ بە ئومێدەوە چاوەڕێی دەرئەنجامی ئاشتەوایی بوو، دژی ئەو هەوڵانەی کە پرۆسەی ئاشتیان لەناوبرد. دەبێ سوود لە هەڵەکانی رابردوو وەربگرین".

محەمەد ئەمین، جێگری سەرۆکی پارتی  دەڤا کە یاوەری عەلی باباجان بوو لە دیاربەکر بە کوردستان24ی گوت: "بۆ تورکیا گرنگە پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان پتەوتر بکات، چونکە ئارامی هەرێمی کوردستان بۆ ناوچەکە گرنگە".

گوتیشی: "ئەوکاتە بۆ یەکەمجار بەشێوەیەکی فەرمی و پرۆتۆکۆڵی لە وەزارەتی دەرەوەی تورکیا پێشوازی لە شاندی باڵای هەرێمی کوردستان کرا، ئەوکات عەلی باباجان وەزیری دەرەوە بوو".