دوای لێدوانەکانی بانکی فیدراڵی ئەمەریکا بەهای دۆلار بەرزبووەوە

بەهای دۆلار بۆ بەرزترین ئاستی دوو ساڵی رابردووی بەرزبووەوە

K24 - هەولێر

بەهای دۆلاری ئەمەریکی بۆ بەرزترین ئاستی دوو ساڵی رابردووی بەرزبووەوە، هۆکارەکەشی لێدوانەکانی جێمی پاوڵ سەرۆکی ئەنجومەنی یەدەگی فیدراڵی ئەمەریکا بوو، کە ئاماژەی بە بەرزکردنەوەی نرخی سووی بانکیدا.

پاوڵ لە دوایین لێدوانیدا رایگەیاند، لە پلانیاندایە نرخی سوو بە بڕی نیو خاڵی سەرەکی لە مانگی داهاتوو بەرزبکەنەوە. بەمەش راستەوخۆ بەهای دۆلار بۆ بەرزترین ئاستی دوو ساڵی رابردووی بەرزبووەوە.

پێنوێنی دۆلار لە دوایین مامەڵەکانیدا بەرامبەر سەبەتەی شەش دراوە سەرەکییەکە، بۆ بەرزترین ئاستی لە دوای مانگی ئاداری 2020 بەرزبووەوە، ئەو پێنوێنە گەیشتە ئاستی 101.6 خاڵ و بە درێژایی ئەمساڵ 5.7% بەرزبووەتەوە.

راستەوخۆ دوای ئەو لێدوانە، نرخی زێڕیش کە پێچەوانەی ئاراستەی دۆلار مامەڵە دەکات، بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزی و لە دوایین مامەڵەکانیدا نرخی ئۆنسەیەک بە 1932 دۆلار داخرا، لە کاتێکدا لە مامەڵەکانی هەفتەی رابردوویدا بۆ سەرووی 1980 دۆلار بەرزبووەوە.