ماڕادۆنا ریكۆردی پێلێ ده‌شكێنێت

دیێگۆ ئه‌رماندۆ ماڕادۆنا له‌ مۆندیالی 1986
دیێگۆ ئه‌رماندۆ ماڕادۆنا له‌ مۆندیالی 1986

له‌ مەزادخانەیه‌ك لە لەندەن درێسی ماڕادۆنا دەبێتە گرانبەهاترین درێس لە مێژووی تۆپی پێ، تەنیا لەبەر ئەوەی ٣٦ ساڵ لەمەوبەر دیێگۆ ئارماندۆ ماڕادۆنا یارییەکی بەم درێسە کردووە نرخی ئەم درێسە گەیشتووەتە ملیۆنان دۆلار.

ستیڤ هۆدگ یاریزانی پێشووی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا کە لە مۆندیالی ١٩٨٦ بەشداریی یاریی ئینگلتەرا و ئارجێنتینای کرد، دوای یارییەکە درێسەکەی لەگەڵ دیێگۆ ئارماندۆ ماڕادۆنا گۆڕییەوە، ئێستا دوای ٣٦ ساڵ ئەو پیاوە ئینگلیزییە دەیەوێت درێسەکەی دیێگۆ ئارماندۆ ماڕادۆنا ئەفسانەی کۆچکردووی ئارجێنتینا لە زیادکردنێکی ئاشکرا بفرۆشێت.

درێسەکەی ماڕادۆنا کە ٣٦ ساڵ لەمەوبەر ئەفسانە کۆچکردووەکەی ئارجێنتینا بەو درێسە دوو گۆڵی لەدژی ئینگلتەرا پێ تۆمار کرد و دەبێتە گرانبەهاترین درێس لە مێژووی تۆپی پێ، مارادۆنا بەو درێسە گۆڵێکی بە دەست کرد و گۆڵێکیشی لە دوای بڕینی پێنج یاریزانی ئینگلتەرا تۆمار کرد.

به‌رپرسی موزه‌خانه‌كه‌ی له‌نده‌ن ده‌ڵێت: بێگومان جیاوازییەکی زۆر لە نێوان ئەو درێسە هەیە کە لە نیوەی یەکەم ماڕادۆنا یاریی پێکردووە لەگەڵ ئەو درێسەی کە لە نیوەی دووەم دوو گۆڵەکەی پێکرد، بەڵام ئێمە وەکو مەزادخانەی سۆزبی بەدواداچوونێکی وردمان کردووە و بۆمان دەرکەوتووە ئەوە ئەو درێسەیە کە لە نیوەی دووەم ماڕادۆنا گۆڵی دەستی خودای پێ تۆمارکرد، تەنانەت پێشتر ماڕادۆنا لە کتێبی دەستی خوداش ئامەژەی بەوە کردبوو کە دریسەکەی بە هۆدج داوە، لەکاتی چوونە ژوورەوەیان بۆ ژووری جلگۆڕین ئەو یاریزانە ئینگلیزە داوای درێسەکەی لە ماڕادۆنا کردبوو ئەویش درێسەکەی پێدابوو.

گەرچی کچێکی ماڕادۆنا رایگەیاندبوو ئەو درێسە درێسی رەسەنی باوکی نییە و ئەو درێسەی لەو یارییە ماڕادۆنا یاریی پێکردبوو ون بووە، بەڵام بەگوێرەی شارەزایانەی مەزادکردن درێسەکە لێکۆڵینەوەی لەسەر کراوە و هەمان ئەو درێسەیە کە ماڕادۆنا یارییەکەی پێ ئەنجام دابوو پێشبینی دەکرێت نرخی درێسەکە بگاتە زیاتر لە حەوت ملیۆن دۆلار.

پێشتر درێسێکی پێلێ کە یاریی کۆتایی مۆندیالی ١٩٧٠یاری پێ کردبوو لە زیادکردنێکی ئاشکرا بە زیاتر لە ١٥٧ هەزار پاوەند فرۆشرابوو، بەڵام ئەم درێسەی ماڕادۆنا ریکۆردەکەی دەشکێنێت و دەبێتە گرانبەهاترین درێس لە مێژووی تۆپی پێ و هێشتا دوو هەفتە ماوەی زیادکردنەکە ماوە و تاکو رۆژی ٤ـی مانگی داهاتوو بەردەوام دەبێت.