یانهی زاخۆ لهژێر فشاری هاندهران راهێنهرهكهی دوورخستهوه
عەبدولوەهاب ئەبولهێل لهژێر فشاری هاندهرانی یانهكه دەستی لە راهێنەرایەتی یانەی زاخۆ کێشایەوە و هێشتا راهێنهری نوێی یانهكه دیاریی نهكراوه.
دوای دۆڕانەکەیان بەرامبەر کارەبا بە فەرمی عەبدولوەهاب ئەبولهێل دەستی لە راهێنەرایەتی یانەی زاخۆ کێشایەوە و دەستلەکارکێشانەوەکەشی لەلایەن دەستەی کارگێڕی یانەی زاخۆ قبووڵ کرا، کە زاخۆ حەوت یارییە لە خولی نایابی عێراق هیچ بردنەوەیەکی بەدەست نەهێناوە.
زاخۆ لەم وەرزەی خولی نایابی عێراق لە 28 یاریی تەنیا هەشت بردنەوەی لەگەڵ عەبدولوەهاب ئەبولهێل بەدەستهێناوە و بە کۆکردنەوەی 37 خاڵ لە پلەی هەشتەمی ریزبەندی دێت.
رۆژی شەممە 30ـی ئەم مانگە زاخۆ یاریی داهاتووی لە خولی نایابی عێراق لە دەرەوەی یاریگای خۆی بەرامبەر هەولێر ئەنجام دەدات و هێشتا دیار نییە کێ دەبێتە راهێنەری داهاتووی زاخۆ.
پێش دوو هەفتە دەستەی کارگێڕی زاخۆ هەردوو یاریی تەڵەبە و کارەبای کردە دوایین دەرفەت بۆ عەبدولوەهاب ئەبولهێل کەچی زاخۆ هەردوو یارییەکەی دۆڕاند و زیاتر لە دوو مانگە تامی هیچ بردنەوەیەکی نەکردووە.