وەرچەرخانێکی گەورە لە پەیوەندی دیپلۆماسی کوردستان و بەریتانیا

Kurd24

پێشوازیکردن لە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئاستێکی باڵای پڕۆتۆکۆلی و بە ئاڵای کوردستان و دیداری لوتکە لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی بەریتانی و کۆمەڵێك لە وەزیرانی حکومەتی ئه‌و وڵاته‌ بە دۆسیەی جیاوازەوە، بە وەرچەرخانێکی گەورەی پەیوەندی دیبلۆماسی لە مێژووی پەیوەندی نێوان هەردوول هەژمار دەکرێت، بەمەش دیپلۆماسیەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەنگاوێکی تر چووە پێش. لەهەمان کات بینی هەردوو سەرۆك وەزیرانی پێشوی بەریتانیا (جۆن مێجەر و تۆنی بلێر) وەك دوو کارەکتەری کاریگەری مێژووی عێراق و کوردستان رامانی زیاتر لە خۆی دەگرێت. گومان لەوەدا نییە، بوونی پەیوەندی لەم ئاستە بەرزە لەگەڵ شانشینی یەکگرتوو کە میراتگری ئیمپڕاتۆریەتێکە، کە خۆری لێ ئاوا نەدەبوو، رۆڵی لە داڕشتنی نەخشەی سیاسی و سنووری جوگرافیای بەشی زۆری وڵاتان هه‌بووە. تا ئێستاش ئەم وڵاتە هاوتەریب لەگەڵ ئەمه‌ریکا بە عەقلی سیاسی و کارەکتەرێكی گرنگی بەشی زۆری گۆڕانکاریە فرە ڕەهەندەکانی جیهان و بەتایبەت رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەنرێت. ئەوەی روونە لە دوای برێکزیت بەریتانیا لە هەوڵی دووبارە داڕشتنه‌وه‌ی سیاسەتی دەرەوەی خۆیەتی، بەتایبەت لە ناوچەکەی ئێمە. 

لەسەرەتاکانی سەدەی رابردوو تا ئێستا بەریتانیا لە چەقی رووداوەکانی عێراق رۆڵی گێراوە، هه‌ر لە دامەزراندنی دەولەتی عێراقەوه‌ بگره‌ تا ده‌گاته‌ هێرشی گەردەلولی بیابانی کوه‌یت و رووخانی رژێمی سەدام و شەڕی داعش. لە بارەی هەرێمی کوردستانیش بەریتانیا دەستێکی باڵای هەبووە لە رێککەوتننامەی سایکس بیکۆ، تا شۆڕشە کوردیەکان و دواتر بڕیاری 688ی ناوچەی دژەفڕین و پەیوەندی نێوان هەولێر و بەغدا. ناکرێت باسی رۆڵی نەرێنی بەریتانیا نەکەین لە رووداوەکانی 16 ئۆکتۆبەر و راستەوخۆ وەرگرتنی دۆسیەی نەوتی کەرکووك لەلایەن کۆمپانیای (BP) بەریتانی، کە رەنگە کەریگەری کردبێتە سەر هەڵوێستەکانی ئەمه‌ریکاش لەم رووداوەدا، لەپاڵ ئەمەش پشتیوانی حکومەتی هەرێم لە شەڕی داعش و هاوکاری هێزی پێشمەرگەی کردوو،ە بۆیە بوونی پەیوەندی لەگەڵ بەریتانیا لەم ئاستە بەرزە گرنگی خۆی لەسەر پێگەی هەرێم  لە عێراق و ناوچەکە دەبێت، ئەمەش رەنگە ببێتە فاکتەرێکی ئەرێنی بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندی دیبلۆماسی هەرێم لەگەڵ وڵاتانی دیكه‌ی جیهان. گرنگە بزانرێت، بەریتانیا زۆر زەحمەت مامەلە لە ئاستی باڵا لەگەڵ کارەکتەری نادەوڵەتی دەکات، بەتایبەت لەسەر کۆمەڵێك پرسی ستراتیژی، بەڵام لە پەیوەندی لەگەڵ کوردستان وەکو کیانێکی فیدڕاڵی بە پێی دەستور، بگرە وەك سەرۆك حکومەتی وڵاتێکی سەربەخۆ و بەهێز و دۆست پێشوازی لە کاك مەسرور بارزانی کرد.

ئەم جۆرە پێشوازیە لە هەرێمی کوردستان لە ئاستی وا باڵا لە ئایندەدا دەبێتە عورفێکی سیاسی و دیبلۆماسی لە نێوان هەردوولا. ماوە بپرسین: ئەم هۆکارانە چین کە وای لە بەریتانیای مەزن کردووە خوازیاری هەڵکشانی پەیوەندیەکانی بێت بۆ ئەم ئاستە لەگەڵ هەرێمی کوردستان؟

هۆکاری بابەتی: بێگومان هەرێمی کوردستان تا رادەیەکی باش نموونەیەکی سەرکەوتوو و ئەزموونکی دلخوازی ولاتانی رۆژئاوا بووە و گرنگی داوە بە بەهاکانی دیموکراسی و رێزگرتن لە فرەپێکهاتەی نەتەوەی و ئایینی. سەرەڕای رژانی خوێنی هەزاران پێشمەرگە بۆ بەرگریکردن لە مرۆڤایەتی لە دژی داعش و لە باوەشگرتنی سەرووی ملیۆنێك ئاوارە. سەبارەت بە جیۆپۆلیتیکی کوردستان دەبینین کە هەرێمی کوردستان کەوته‌ه‌تە چەقی بەشی زۆری پرس و بابه‌ته‌ هەستیارەکانی ناوچەکە و جیهان، وەك: (دۆسیە ئالۆزییە مێژوویەکانی تایبەت بە پرسی خاك و نەتەوە و هەیمەنە و سیستەماکانی حوکم لە ناوچەکە- بەیەکداچوونی بەرژەوەندی جەمسەربەندی هێزەکان و پرسی ئاسایش و کۆچ و گۆڕانی کەش و هەوا و وزە)، کە بێگومان حکومەتی هەرێمی کوردستان بە درێژایی کابینەکانی رابردوو تا ئێستا زۆر بە جددی کاری لەسەر ئەم پرسانە کردووە بە رابەرایەتی جەنابی سەرۆك و کاك نێچیرڤان بارزانی.

هۆکاری کەسی: لەپاڵ ئەم هۆکارە بابەتیانەی سەرەوە پێویستە باسی رۆڵی کاك مەسرور بارزانی بکرێت، کە رابەرایەتی دیپلۆماسیەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات لە ئێستادا وەك سەرکردەیەکی بیرتیژ و کارامە لە بەیەكبەستنەوەی دۆسیە ستراتیژیەکان و یاریکەرێکی شارەزا لە هاوکێشە قورسەکان لە ناوەندە گرنگەکانی بڕیار و کەسێکی بە ئەزموون لە پرسە ئالۆزەکانی ئاسایشی ناوچەکە و دیبلۆماتێکی خاوەن ڤیژن و قسەکەرێکی کاریگەر بە زمانێکی سیاسی و دیبلۆماسی لە ئاستی سیاسەتمەدارە دیارەکانی جیهان لە کۆڕبەندە جیهانیەکان،   ئەم تایبەتمەندیانە لە کەسایەتی کاک مەسرور بارزانی ڕۆڵی گێڕاوە لەم ماوە کورتەی کابینەی نۆیەم بۆ گفتوگۆ کردن لەگەڵ بڕیار داڕێژەر و بڕیار بەدەستانی وڵاتان لەسەر پرس و کێشەکانی ناوچەکە و هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی عێراق بە وێناکردنی کوردستان بەوەی کە فاکتەری سەقامگیری و بەرژەوەندی هاوبەشە بۆ وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە و بەشێك لە وڵاتانی جیهان. لە پاڵ ئەمەش دیدگایەکی روونی داوە بە وڵاتان و کۆمپانیاکانیان، کە کوردستان دەرفەتی زۆر و ژینگەی لەباری هەیە بۆ وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاری لە کەرتە جیاوازەکان وەك یەکێك لە ناوچە سەقامگیرەکانی ناوچەکە. بەڵام تەوەری گرنگی گفتوگۆ دیپلۆماسیەکانی ئێستای حکومەتی هەرێم لەسەر پرسی هەناردەی وزەیە لە دوای قەیرانەکانی شەڕی رووسیا و ئۆکرانیا پرسی گاز لە لایەن وڵاتانی رۆژئاوا و بەشێك لە وڵاتانی رۆژهەڵات بووه‌تە پرسێکی گرنگ، لە کاتێکدا ئێمە خاوەن یەدەگێکی زۆری گازی سروشتین، بەمەش سەرنجی وڵاتان کەوتووه‌تە سەر وەبەرهێنان و هەناردەی گازی هەرێمی کوردستان. بۆ ئەم ئامانجەش سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان چەندین سەردانی سەرکەوتووی دیبلۆماسی بۆ وڵاتانی کەنداو، تورکیا، ئەوڕوپا و ئێستاش به‌ریتانیا ئەنجامداوە و لە دیدارەکانی چ لەگەڵ کاربەدەستان یان له‌ کۆڕبەندەکاندا، کاك مەسرور بارزانی وەك سیاسیەکی نەرم بڕیاری سیاسی دادگای فیدراڵی لەسەر پرسی نەوت و غاز بۆ لایەنەکان ڕوون کردووه‌تەوە و لە هەمان کات خواستی هەرێمیشی بۆ پڕکردنەوەی بەشێك لە پێویستیەکانی جیهانی و بەتایبەت ئەوروپا بۆ گاز نیشانداوە بە باوەڕبوون بە مافی خەڵکی کوردستان لە سوودوەرگرتن لە سەرچاوەکانی و بوونی بازاڕی ئازاد، نەك بوون بە شوێنگرەوەی هیچ وڵاتێك.

بەمەش جەنابیان تا ئێستا سەرکەوتوو بووە لە ئەنجامدانی مارکێتینگێکی گەورە بۆ گازی کوردستان. بێگومان ئەم هەوڵانەی کاك مەسرور بارزانی لە داهاتوو پێگەی ئابووری سەربەخۆ و شوێنی کوردستان لەسەر نەخشەی وزەی جیهانی و قورسایی پەیوەندی دیپلۆماسی هەرێمی کوردستان دەباتە قۆناغێکی پڕشنگدارتر، کە هەم دۆستی زیاتر بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێم زیاتر دەکات لەبەرامبەر هەڕەشەکانی ناوچەکە، هەمیش بە بەرژەوەندی گەڵانی هەرێمی کوردستان دەشکێتەوە، بەمەش هەموو ئەوانەی دڵخۆش نین بەم هەوڵانەی سەرۆکی حکومەت، رۆژێك دێت شانازی بەم دەسکەوتانەوه‌ دەکەن کە لەسەر دەستی جەنابیان بە دەست هاتوون و لە دووربینی و هەنگاو و دەسکەوتەکانی هەم تێدەگەن و هەم دە حەسێنەوە.

لە کۆتاییدا گرنگە سەرەنجێك بخەمە سه‌ر دیداری کاك مەسرور بارزانی لە دامەزراوەی (چاتهام هاوس/ پەیمانگای شاهانەی کاروباری نێونەتەوەیی)، کە پەیامێکی روونی وەك تاکە چارەسەری کێشەی پێکهاتەکانی عێراق خستەڕوو، کە پێیوایە سیستەمی کۆنفیدڕاڵی بۆ عێراق هۆکارە بۆ گەڕانەوەی ماف و شکۆ و پێگەی شیاو بۆ پێکهاتەکانی ئەو ناوچەیە، دابەشکردنی هێز لە رێگه‌ی دروستبوونی سیستەمێکی بەڕێوەبردنی فرە ناوەندی نەك کۆکردنەوەی هێز لە یەك ناوەند، چونکە ئەو مۆدێلە لە سەد ساڵی رابردوودا تاقیکراوەتەوە و نەهامەتی زۆری بەسەر گەڵانی عێراق هێناوە.