دووەم سەرۆك شارەوانی یەكێتی لە کەرکوک لەسەر پرسی گەندەڵی دادگایی دەکرێت

یه‌كێتی هه‌وڵی ئازادكردنی ده‌دات
جەمال شوكر، سەرۆكی پێشووی شارەوانی كەركووك
جەمال شوكر، سەرۆكی پێشووی شارەوانی كەركووك

K24 - هەولێر:

سەرۆكی پێشووی شارەوانی كەركووك، جەمال شوكر لەسەر کەیسی فرۆشتنی 10 پارچە زەوی، لەلایەن دادگای تاوانەكانی كەركووك سزای یەك ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا، ئەمەش دووەم سەرۆك شارەوانی یەكێتییە کە لەو شارەدا لەسەر کەیسی گەندەڵی دادگایی دەکرێت.

بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی دەست کوردستان24 کەوتوون، جەمال شوكر سەرۆكی پێشووتری شارەوانی كەركووك هاوکات ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتی، لە ماوەی رابردوودا لەسەر کەیسی فرۆشتنی 10 پارچە زەوی لە زیادكردنێكی ئاشكرادا (مەزاد)، کە لەوکاتە سەرۆكی شارەوانی کەرکووك بووە، رۆژی 19ی نیسانی 2022 لەلایەن دادگای تاوانەكانی كەركووكەوە حوكمی یەك ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا.

کوردستان24 زانیویەتی، دادگای تاوانەكانی كەركووك دوو فەرمانبەری دیکەی شارەوانی سزاداوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەو دوو فەرمانبەرە پێشینەی تاوانكارییان نەبووە، جێبەجێكردنی سزاكە لەسەریان هەڵگیراوە.  

سەرەڕای سزادانی جەمال شوكر، دادگای تاوانەكانی كەركووك، هه‌ر لەسەر کەیسی (10) پارچە زەوییەكە، مافی بە لایەنی سكاڵاكار داوە، تا لەڕێی دادگای مەدەنییەوە قەرەبوو بکرێتەوە، لەدوای یەكلابوونەوەی ئەم قەرەبووە، بڕیاری دادگا پلەی كۆتایی وەردەگرێت.

به‌ گوێره‌ی سه‌رچاوه‌یه‌كی نزیك له‌ جه‌مال شوكر، كه‌ ئێستا له‌ زیندانه‌، رایگه‌یاندووه‌، سەرەتا واژووم لەسەر ئەو نووسراوانە نەکرد کە تایبەتبوون بە فرۆشتنی زەوییەكان، بەڵام وەزارەتی شارەوانی عێراق زۆری لێدەكردم واژوویان بكەم.

بەپێی زانیارییەكان، ئێستا بەرپرسانی یەكێتی سەرقاڵی دۆزینەوەی چارەسەرێکن بۆ دەربازكردنی جەمال شوكر لە زیندان، نیگەرانی ئەوەن بۆ بەسەربردنی سزاکەی رەوانەی بەغدا بكرێت، لە هەوڵی ئامادەكردنی راپۆرتی پزیشكین سەبارەت بە دۆخی تەندروستیی جەمال شوكر، لە گواستنەوەی جەمال شوكر بۆ بەغدا، رەنگە چەند کەیسێکی نوێ لە سنووری شارەوانی كەركووك بکاتەوە، ئه‌وه‌ش ترسی یه‌كێتی له‌ گواستنه‌وه‌كه‌ زیاتر كردووه‌.

جەمال شوكر دووەم سەرۆك شارەوانی كەركوكە لەسەر پشكی یەكێتی كە بەگەندەڵی تاوانبار دەكرێت، پێشتریش (عەبدولكەریم حەسەن) لەسەر دۆسیەی دامەزراندنی كارگەیەكی نایلۆن، لەلایەن دادگای كەركووكەوە (6 مانگ) حوكمی زیندانی بەسەردا سەپێندرا.

دادگاییكردنی ئه‌و به‌رپرسه‌ و به‌رپرسه‌ گه‌نده‌ڵه‌كانی دیكه‌ی یه‌كێتی له‌ كه‌ركووك، دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر و گەڕانەوەی سوپای عێراق دێت بۆ پارێزگای كەركووك، كه‌ له‌ رێككه‌وتنی ژێربه‌ژێری به‌شێك له‌ سه‌ركرده‌كاتی ئه‌وكاتی یه‌كێتی راده‌ستی سوپا و حه‌شد كرایه‌وه‌.