ساڵیادی بۆردومانکردنی قەڵادزێ بەڕێوەچوو

تەنها تاجەگوڵینە لەسەر مەزاری شەهیدەکان دانرا
قەڵادزێ
قەڵادزێ

K24 - هەولێر:

ئەمڕۆ لە ڕێورەسمێکدا یادی 48 ساڵەی بۆردومانکردنی قەڵادزێ کرایەوە و تاجەگوڵینە لەسەر مەزاری شەهیدەکان دانرا، بەڵام هیچ چالاکییەکی دیکە ئەنجام نەدرا.

سەر لە بەیانی رۆژی 24ـی نیسانی 1974 بە چوار فڕۆکەی سەربازی، حکومەتی عێراق بە دەیان بۆمبی کۆمەڵکوژی ناپاڵم، شارۆچکەی قەڵادزێی بۆردومانکرد و بەهۆیەوە زیاتر لە 160 کەس شەهیدبوون و 300 کەسی دیکەش برینداربوون، کە ژمارەیەکیان ئەو قوتابیانەی زانکۆی سلێمانی بوون کە چوبوونە قەزاکە.

لە بۆردومانەکەدا، ژمارەیەک شوێنی نیشتەجێبوون، نەخۆشخانە، خوێندنگە، فەرمانگەی خزمەتگوزاری و بازاڕەکان کرانە ئامانج.

هەشت ساڵ دوای بۆردمانکردنی شارۆچکەکە، رۆژی 24ی نیسانی 1982، کاتێک دانیشتوانی قەڵادزێ یادی بۆردومانکردنی شارەکەیان کردەوە و خۆپیشاندانێکیان سازکرد، دژی کۆمەڵکوژکردنی خەڵکی شارەکەیان، بەڵام لەلایەن هێزەکانی سەر بە رژێمی بەعسەوە تەقە لە بەشداربوانی رێورسمەکە کرا و ژمارەیەک کوژراو و برینداری لێکەوتەوە و دەیان کەسیشیان دەستگیرکران و خرانە زیندانەکانەوە.

هەروەها لە چوارچێوەی شاڵاوی ئەنفالدا، ساڵی 1989 حزبی بەعس تەواوی دانیشتوانی قەڵادزێ و گوندەکانی دەوروبەری راگواست بۆ ئۆردوگاکانی سنوری پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی، دواتریش گەڕەک و بازاڕ و خانووەکانی قەزاکە خاپوورکران، ناوچەکەش وەک (ناوچەی قەدەغەکراو) دیاریکرا، بەوهۆیەشەوە رێگە نەدەدرا هیچ دانیشتویەکی قەزاکە بگەڕێتەوە ناوچەکە، بەڵام دوای راپەڕینی بەهاری 1991 قەزاکە ئاوەدانکرایەوە.

قەڵادزێ (قەزای پشدەر) لە ساڵی 1948 دا بووە بە یەکێک لە قەزاکانی سنووری پارێزگای سلێمانی، پێکهاتووە لە سەنتەری قەزا و ناحیەکانی، سەنگەسەر، ژاراوە، هەڵشۆ، هێرۆ، ئیسێوە، ئەم قەزایە 135 کیلۆمەتر لە سەنتەری شاری سلێمانییەوە دوورە.

سەنتەری قەزای قەڵادزێ پێکهاتووە لە گەڕەکەکانی (ئاشتی، ئازادی، گربداخ، خانه‌قا، ئیمام قاسم، راپه‌ڕین، بابان، نه‌ورۆز، كۆڕه‌و، شه‌هیدان، مامه‌نده‌، فه‌رنبه‌ران، ساوێن، مه‌شخه‌ڵان، بنار، باخان ‌و چوارچرا).

لە سنووری قەزاکەدا 284 گوند هەن، کە زۆرینەی دانیشتوانەکانیان، بە کشتوکاڵ و باخداری و ئاژەڵدارییەوە سەرقاڵن، بەشێک لەو ناوچانەی قەزاکەش کە هاوسنوورە لەگەڵ رۆژهەڵاتی کوردستان (ئێران) دانیشتوانەکەی لە مەرزە نافەرمی و لاوەکییەکاندا کاری بازرگانی دەکەن.