هۆشداری لە ئیفلیجبوونی ئابووری ئەڵمانیا دەدرێت

بەهۆی گازی رووسیا پیشەسازی ئەوروپا بۆ ماوەیەکی درێژ پەکی دەکەوێت
گازی رووسیا بووه‌ته‌ فشار له‌سه‌ر پیشه‌سازی ئه‌ڵمانیا
گازی رووسیا بووه‌ته‌ فشار له‌سه‌ر پیشه‌سازی ئه‌ڵمانیا

K24 - هه‌ولێر:

سەرۆکی یەکێتی ژووری بازرگانی و پیشەسازی ئەڵمانیا، لە ئەگەری وەستانی گازی رووسیا هۆشداری لە ئابووری ئەڵمانیا دەدات.

ئەو بەرپرسە دەڵێت، هیچ بیانوویەک نییە تاوەکو ئەڵمانیا هاوردەی نەوت و گازی رووسیا قەدەغە بکات، چونکە ئەوە دەبێتە هۆی ئیفلیجبوونی ئابووری وڵاتەکە.

دەشڵێت قەیرانی ئۆکرانیا زیانی بە گواستنەوەی جیهانی گەیاندووە، ئەوەش وایکردووە نەك تەنیا وزە، سەرجەم نرخەکان بە گشتی بەرزببنەوە. روونیشیکردەوە، ئەڵمانیا ناتوانێت قەدەغە بخاتە سەر هاوردەی نەوت و گازی رووسیا، چونکە ئابوورییەکەی دووچاری قەیرانی گەورە دەبێت.

ئاماژەی بەوەشدا، کە سووتەمەنی تەنیا بۆ گەرمکردنەوە بەکارناهێندرێت، بەڵکو فاکتەرێکی سەرەکی بەرهەمهێنانە بە تایبەت لە پیشەسازییە کیمیاییەکان، بۆیە هۆشدری دەدات کە ئەگەر پیشەسازییە کیماییەکانی ئەڵمانی بوەستێت ئەوا پیشەسازی ئەوروپا بۆ ماوەیەکی درێژ پەکی دەکەوێت و کارەسات روودەدات.