سندووقی نەختیە: کۆی گەشەی بەرهەمی ناوخۆی عێراق دەگاتە سەدا 9.5

گەشەی ئابووری عێراق پێش وڵاتانی عەرەبی دەکەوێت
سندووقی نەختینەی نێودەوڵەتی
سندووقی نەختینەی نێودەوڵەتی

K24 - هه‌ولێر:

سندووقی نەختینەی نێودەوڵەتی راپۆرتێکی لەبارەی ئابووری عێراق بڵاوکردەوە و پێشبینی دەکات گەشەی کۆی بەرهەمی ناوخۆی لەمساڵدا سەدا 9.5 و رێژەی هەڵاوسان بۆ سەدا 6.9 بەرزبێتەوە.

سندووقی نەختینە لە نوێترین راپۆرتیدا ئاشكرای كرد، پێشبینی دەکەن گەشەی کۆی بەرهەمی ناوخۆی عێراق لەمساڵدا سەدا 9.5 و لە ساڵی داهاتوو سەدا 5.7 بێت. بەمەش پێش وڵاتە عەرەبییە هەناردەکارە نەوتییەکان و نانەوتییەکان بکەوێت.

لە راپۆرتەکەی سندووقی نەختینەی نێودەوڵەتیدا هاتووە، پێشبینی دەکەن رێژەی هەڵاوسان لە سەر بنەمای ساڵانە لەمساڵدا سەدا 6.9 بێت، کە لە 2021 سەدا 6 بووە، هەروەها پێشبینیش دەکات بۆ ساڵی 2023 رێژەی هەڵاوسان بۆ سەدا 4.7 دابەزێت.

شرۆڤەکارانی سندووقی نەختینەی نێودەوڵەتی پێشبینی دەکەن، گەشەی کۆی بەرهەمی ناوخۆی وڵاتانی رۆژهەڵای ناوەڕاست و ئاسیای ناوەڕاست لەمساڵدا سەدا 4.6 بێت و لە 2023 بۆ سەدا 3.7 دابەزێت، هەروەها رێژەی هەڵاوسان لە ناوچەکە سەدا 12.58 بێت لە 2022ـدا.