قوتابیەكی 13 ساڵان بۆ خوێندنی دکتۆرا وەرگیرا
K24 - هەولێر:
سەرەڕای کەمی تەمەنەکەی، قوتابیەكی 13 ساڵان لە ویلایەتی مینیسۆتا بەم زووانە بڕوانامەی بەکالیۆرس بەدەست دەهێنێت و دواتر دەست بە خوێندنی دکتۆراکەی دەکات.
ئیلیۆت تانەر (13 ساڵ) لە زانکۆی مینیسۆتا لە زانستەکانی فیزیا و بیرکاری دەخوێنێت و سەرەڕای ئامادەکردنی توێژینەوەی بەکالۆریۆسەکەی، وانە بە هاوپۆلەکانی دەڵێتەوە.
ئیلیۆت لەبارەی خوێندنەکەیەوە گوتی: "حەز و پەرۆشییەکی زۆرم بۆ فیزیا هەیە، ئەوە یەکێکە لە شتە دڵخوازەکانم."
میشێڵ تانەر، دایکی ئیلۆت لەبارەی کوڕەکەیەوە گوتی: "لە تەمەنی 3 ساڵییەوە فێری خوێندن و هاوکێشە سەرەتاییەکانی بیرکاری بوو، بەهۆی هەوڵ و کۆششەکانیەوە لە تەمەنی 9 ساڵیدا لە زانکۆ وەرگیرا، ئەو بەردەوام لە قوتابخانە و لە ماڵەوەش خەریکی خوێندنەوە بوو."
دایک و باوکی ئیلۆت باسیان لەوە کرد، لەکاتێکدا کوڕەکەیان لەسەروبەندی بەدەستهێنانی بڕوانەمەی بەکالۆریۆس دایە، پرۆگرامی زانستی فیزیا لە زانکۆی مینیسۆتا هەلی خوێندنی دکتۆرایان داوەتێ.
دایک و باوکی ئیلیۆت ئاماژەیان بەوەشدا، بەدوای رێگەیەکدا دەگەڕێن تا خەرجی تەواوی خوێندنەکەی دابین بکەین، خوێندنی زەمالە و چەند رێگایەکی دیکەیان تاقیکردەوە، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون، تا بڕیاریاندا هەژمارێکی بانکی ئۆنلاین بکەنەوە تایبەت بە دابینکردنی خەرجی خوێندنەکە، بەمجۆرە خێرخوازان دەتوانن پارە بۆ ئەو هەژمارە بانکیە بنێرن و یارمەتی بدەن.
ئیلیۆت لە هەژماری تایبەتی خۆی لە فەیسبووک رایگەیاند، سوپاس بۆ هاوکاریەکانتان، بە یارمەتی ئێوە خەرجی ساڵی یەکەمی خوێندنی دکتۆراکەم کۆبووەوە."