سەرکەوتن بۆ ماکرۆن و شکست بۆ لۆپێن دووبارەیە

K24 - ههولێر:
حزبەکەی ناوناوە بۆ پێشەوە، نازناوی گەنجترین سەرۆکی وڵاتی هەیە و دژایەتی ئیسلام ناکات، بە کەسێکی میانڕەو ناسراوە و گرنگی بە پرسە ئابوورییەکان دەدات، ئامانجی ئەوەیە لە رێگەی وزەی ئەتۆمییەوە، کارەبا دابینبکات و رێژەی پیسبوونی ژینگە بە گازە زیانبەخشەکان کەمبکاتەوە، لە بەرامبەردا بەشێک لە گەنجانی فەرەنسا لە ماکرۆن ناڕازین و دەڵێن، "ماکرۆن شەرابێکی کۆنە و لە بتڵێکی نوێدا نمایشکراوە".
شەوی رابردوو، ئەنجامی بهرایی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی فەرەنسا راگەیەندرا، کە تێیدا ماکرۆن لە رێگەی بەدەستهێنانی 58.2%ی دەنگەکانەوە، توانی لەسەر کورسی سەرۆکایەتی فەرەنسا بمێنێتەوە، ئەو لە پێنج ساڵی داهاتوودا، لە کۆشکی ئەلیزێوە فەرمانڕەوایی یەکێک لە وڵاتە بەهێزەکانی جیهان دەکات، لەکاتێکدا مارین لوپێنی رکابەری کەمتر 42%ی دەنگەکانی بەدەستهێنا و بۆ دووەمجار لە بەرانبەر ماکرۆندا شکستیهێنا.
ماکرۆن: سەرۆکی هەموو هاووڵاتیانی فەرەنسام
دوای راگەیاندنی ئەنجامە سەرەتاییەکان، ئیمانوێل ماکرۆن، لە نزیک بورجی ئیڤڵ لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا، لەناو ئاپۆرای لایەنگرانیدا گوتی: "بۆ بەهێزکردنی وڵاتەکەمان و ئەوروپا کاردەکەین، نیشتمانێکی بەهێز بنیاد دەنێین".
ماکرۆن باسی لەوەشکرد، کە ئەوانەی دەنگیان پێداوە، دەنگیان نەداوە بە رێگریکردن لە رەگەزپەرستی، بۆیە پێنج ساڵی داهاتوو دەکەنە خاڵی وەرچەرخانی وڵات و پێشخستنی فەرەنسا.

"من چیدیکە کاندیدیك نیم بۆ پۆستی سەرۆکی وڵات، من سەرۆکی هەموو هاووڵاتیانی فەرەنسام و سوپاسی هەموو ئەوانە دەکەم، کە بەشداری هەڵبژاردنیان کرد، بەوانەشەوە کە بۆ بەرژەوەندی مارین لوپێن دەنگیاندا" ئەمە بەشێکی دیکەی قسەکانی ماکرۆن بوو، لە ئاهەنگی سەرکەوتنیدا.
ماکرۆن کێیە؟
ناوی تەواوی؛ ئیمانوێل جان میشێل فێدریک ماکرۆنە.
21ی کانوونی یەکەمی 1977 لە باکووری فەرەنسا لەدایکبووە.
ساڵی 2004 بڕوانامەی دیبلۆمی لە قوتابخانەی ئابووری نیشتمانی بەدەستهێناوە.
ماوەیەک وەک کارمەندی بانک کاریکردووە.
ساڵانی 2012 بۆ 2014 یاریدەدەری سکرتێری گشتیی فرانسوا ئۆلاندی سەرۆکی پێشووی فەرەنسا بووە.
لە ساڵانی 2014 بۆ 2016 لەسەر لیستی پارتی سۆسیالیست، وەزیری ئابوری و پیشەسازی و تەکنەلۆژیای زانیاری فەرەنسا بووە.
لە 6ی نیسانی 2016دا کاتێک وەزیری ئابووری بوو، پارتێکی سیاسی بەناوی، بزووتنەوەی (بۆ پێشەوە) دامەزراند.
ماکرۆن و لوپێن لە هەڵبژاردنێکی دووبارەدا
بەگوێرەی یاسای هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی فەرەنسا، ئەگەر کاندیدێکی سەرۆکایەتی لە خولی یەکەمدا نیوە زیاتری دەنگەکان بەدەستبهێنێت، راستەوخۆ دەبێتە سەرۆک کۆمار، بەڵام ئەگەر هیچ کاندێک ئەو رێژە دەنگەی بەدەستنەهێنا، ئەوا لە گەڕی دووەمدا، دوو کاندید کە زۆرترین دەنگیان بەدەستهێناوە، کێبڕکێی بردنەوەی پۆستەکە دەکەن.
هەڵبژاردنی ئەمساڵی سەرۆکایەتی فەرەنسا و کێبڕکێی کاندیدەکان بۆ چوونە سەر کورسی دەسەڵات لە کۆشکی ئێلیزێ، بۆ هاووڵاتیانی فەرەنسا دووبارەبوو، چونکە لە ساڵی 2017دا لە گەڕی یەکەمی هەڵبژارندا، ئیمانوێل ماکرۆن 24% و مارین لوپێن 21%ی دەنگەکانیان بەدەستهێنا، بۆیە چوونە گەڕی دووەمی هەڵبژاردن، بەڵام ماکرۆن توانی 66%ی دەنگەکان بەدەستبهێێت و سەربکەوێت بەسەر لوپێندا.

ئەمساڵیش له گهڕی یهكهمی ههڵبژاردنی سهرۆكی فەرەنسادا، كه له 10ی ئهم مانگه بهڕێوهچوو، ماکرۆن 26.6%ی دەنگەکانی بەدەستهێنا و لوپێن 23.4%ی دەنگەکانی بەدەستهێنا، بۆیە لە گەڕی دووەمدا رووبەڕووی یەکتر بوونەوە، بۆ جاری دووەم، ماکرۆن توانی بەسەر رکابەرەکەیدا سەربکەوێت و 58%ی دەنگەکان بباتەوە.
دوای راگەیاندنی ئەنجامە سەرەتاییەکان، مارین لوپێن، لە بەردەم لایەنگرانیدا رایگەیاند، رێز لە ئەنجامی دەنگدان دەگرێت و بەدەستهێنانی ئەو رێژە دەنگەش بە سەرکەوتن دەزانێت.
مارین لوپێن کێیە؟
ناوی تەواوی، جان ماری لو پێنە.
ساڵی 1968 لەدایکبووە و دایکی سێ منداڵە.
بڕوانامەی لە یاسادا هەیە.
ساڵی 2011 بووە سەرۆکی حزبی بەرەی نیشمانی.
باوکی مارین لوپێن حزبی بەرەی نیشتمانی لە ساڵی 1972 دامەزراندوە و 39 ساڵ سەرۆکایەتی کردووە.
بە دروشمەکانی دژایەتی کۆچبەران و جێبەجێکردنی ئایینی ئیسلام لە فەرەنسا ناسراوە.

بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی فەرەنسا زیاتر لە 47 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەبوو، بەڵام ماکرۆن 18 ملیۆن و 779 هەزار دەنگی بەدەستهێنا و مارین لوپێن نزیکەی 13 ملیۆن و 300 هەزار دەنگی بەدەستهێناوە، رێژەی بەشداری هەڵبژاردنیش بە 63% دیاریکراوە.
چیرۆکی ئەوینداری ماکرۆن
لە ساڵانی رابردوودا، ماکرۆن چەند جارێک باسی لە سەرکەوتنەکانی کردووە و ئاماژەی بە هاوسەرەکەی کردووە، کە پشتیوانی بووە، لە هەنگاونان بۆ بەدیهێنانی خەونەکانی.
ئیمانوێل ماکرۆن، چیرۆکێکی ئەوینداری سەرنجڕاکێشی هەیە، ئەو کاتێک قوتابی بووە، خۆشەویستی لەگەڵ مامۆستاکەیدا کردووە و دواتر هاوسەرگیرییان کردووە، ماکرۆن کە ئێستا تەمەنی 45 ساڵە، هاوسەرەکەی تەمەنی 69 ساڵە، واتە 24 ساڵ لەخۆی گەورەترە.

بریجیت ماری کڵاود، مامۆستای زمانی فەرەنسیە و ساڵی 1974 هاوسەرگیری کردووە لەگەڵ (ئەندرێ لویس ئوزری)دا، لەو هاوسەرگیرییەی خاوەنی سێ منداڵە، کوڕەکانی بریتین لە (سباستیان ئوزری) کە لە ساڵی 1975 لەدایکبووە و ئەندازیارە، (لارانس ئورزی) کە لە ساڵی 1977 دا لەدایکبووە و پزیشکە (ئەم منداڵەی هاوتەمەنی ماکرۆنە)، هەروەها کچەکەی ناوی تیفانی ئورزییە و ساڵی 1984 لەدایکبووە و بڕوانامەی لە یاسادا هەیە و کاری پارێزەری دەکات.
ماکرۆن، کاتێک خوێندکاری قۆناغی ناوەندی بووە، لەگەڵ مامۆستا بریجیت، لە قوتابخانە یەکتر دەناسن، دواتر ماکرۆن نیازی خۆی بۆ هاوسەرگیری کردن لەگەڵ مامۆستاکەی خستووەتەڕوو، بەڵام سەرەتا خێزانەکەی رازی نەبوون و قوتابخانەکەیان گۆڕیوە، بۆیەوەی پەیوەندی نێوانیان کۆتایی بێت، بەڵام خۆشەویستییەکەیان بەردەوام بووە و ساڵی 2007 هاوسەرگیرییان کردووە.
ماکرۆن لە نێوان گەنجان و بەڵێنەکانیدا
سەرۆکی فەرەنسا لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا نیازی خۆی دەربڕی، بۆ ئەوەی فەرەنسا چیدیکە خەڵوز و گازی سروشتی بەکارنەهێنێت بۆ دەستکەوتنی وزە، لە بری ئەوە شەش وێستگەی ئەتۆمی بنیاتدەنێن بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا، ئامانجیشیان لەو کارە، هەنگاونانە بۆ ژینگەیەکی پاکتر.
بەڵام بەشێک لە گەنجانی فەرەنسا پێش هەڵبژاردن، باسیان لەوە دەکرد، کە ساڵی 2017 چاوەڕێ بوون، کاتێک ماکرۆن وەک گەنجێک بووە سەرۆکی وڵات، پرۆژەی تایبەتیان بۆ ئەنجامبدات و ژیانێکی خۆشتریان بۆ بەدیبهێنێت، بەڵام دوای پێنج ساڵ بۆیان دەرکەوتووە، کە ماکرۆن "شەرابێکی کۆن بووە لە بتڵێکی نوێدا"، چونکە ئەوان دەڵێن، ماکرۆن کاری بۆ خواستەکانی گەنجان نەکردووە و لە بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەمساڵیشدا، کاندیدەکانی سەرۆکایەتی وڵاتەکەیان، گرنگییان نەداوە بە پرسەکانی تایبەت بە ژیانی گەنجان.
بەگوێرەی داتاکانی وەزارەتی ناوخۆی فەرەنسا، 63%ی دەنگدەران، بەشداری هەڵبژاردنەکەی ئەمساڵیان کردووە، بەگوێرەی لێکدانەوەکانیش، گەنجان و ئەوانەی بیرکردنەوەی چەپیان هەیە، زۆرینەی ئەو کەسانە بوون، کە نەچوون بۆ هەڵبژاردنەکە.