تاڵیبان: چیتر چاوپۆشی لە هێرشەکانی پاکستان ناکەین

" پاراستنی ئاسایشی ئەفغانستان و هاووڵاتییانی، ئەرکی تاڵیبانە"
بازگەیەکی چەکدارانی تاڵیبان، وێنە: Wakil Kohsar / AFP
بازگەیەکی چەکدارانی تاڵیبان، وێنە: Wakil Kohsar / AFP

K24 - هەولێر:

وەزیری بەرگریی لە حکوومەتی کاتیی تاڵیبان بە وەکالەت، مەلا محەمەد یەعقوب موجاهید رایگەیاند، لەمەودوا چاوپۆشی لە هێرشەکانی پاکستان بۆسەر خاکی ئەفغانستان ناکەن.

مەلا محەمەد یەعقوب موجاهید لە میانی رێوڕەسمێکدا کە بەهۆی نۆیەمین ساڵوەگەڕی کۆچی دوایی مەلا عومەر'ی باوکی و دامەزرێنەری تاڵیبان رێکخرابوو رایگەیاند، لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان وەڵامی هێرشەکانی رابردووی هێزەکانی پاکستانیان نەداوەتەوە.

وەزیری بەرگریی لە حکوومەتی کاتیی تاڵیبان بە وەکالەت، مەلا محەمەد یەعقوب موجاهید تیشکی خستە سەر ئەوەی کە لە مەودوا لە بەرامبەر ئەم جۆرە هێرشانەدا بێدەنگ نابن و گوتی: "پاراستنی ئاسایشی ئەفغانستان و هاووڵاتییانی، یەکێکە لە ئەرکەکانی تاڵیبان".

مەلا محەمەد یەعقوب موجاهید ئاماژەی بەوە دا کە ئێستا وڵاتەکەی دووچاری ژمارەیەکی زۆر کێشە بووەتەوە و زۆربەی ئەو کێشانەیش لەگەڵ وڵاتانی هاوسێدان.

ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە هێرشەکانی هەفتەی رابردووی پاکستان دەستوەردانێکی ئاشکرا بووە و ئەوانیش لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان وەڵامی هێرشەکانیان نەداوەتەوە.

گرژییەکانی نێوان ئەفغانستان و پاکستان بەهۆی رووداوەکانی ئەم دواییەی سەر سنووری نێوانیان زیادی کردووە.

AA