بەتەمەنترین کەسی جیهان لە 119 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد

چێژی لە خواردنی شۆکۆلاتە و خواردنەوە گازییەکان بینیووە
بەتەمەنترین کەسی جیهان، وێنە: AFP
بەتەمەنترین کەسی جیهان، وێنە: AFP

K24 - هەولێر:

بەتەمەنترین کەسی جیهان کە ناوی لە کتێبی گینس بۆ ژمارە پێوانەییەکان تۆمارکراوە ئەمڕۆ لە تەمەنی 119 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

سیتارۆ هاتوری دەسەڵاتداری ناوچەیی لە ژاپۆن، مردنی "کانی تاناکا"ـی راگەیاند و لە راگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە "ئەمساڵ دەمویست لە ڕۆژی ڕێزگرتن لە بەتەمەنەکان کانی-سان ببینم و بەیەکەوە شۆکۆلاتە و خواردنەوە گازییەکان بخۆینەوە"

باسی لەوەشکردووە، " بەداخەوە زۆر نیگەران بووم کاتێک هەواڵی کۆچی دواییم بیستووە."

کانی تاناکا لە کانوونی دووەمی ساڵی 1903 لە ناوچەی فۆکووکا لە باشوری ڕۆژئاوای ژاپۆن لەدایکبووە.

ئەو ساڵەی کە تیایدا لەدایکبووە، برایانی ڕایت یەکەم تاقیکردنەوەی فڕۆکەیان بەسەرکەوتوویی ئەنجامداوە هەروەها هەر ئەو ساڵە ماری کوری بووە یەکەم ژن کە خەڵاتی نۆبڵ بباتەوە.

تاناکا تا دواڕۆژەکانی ژیانی، تەندروستێکی باشی هەبووە و لە خانەی چاودێری بەتەمەنەکان ژیاوە، چێژی لە یاری کۆنکان و بابەتەکانی بیرکاری و خواردنی شوکۆلاتە و خواردنەوە گازییەکان بینیووە.

تاناکا سەدەیەک لەمەوبەر لە ساڵی 1922 لەگەڵ هیدیۆ تاناکا ژیانی هاوسەرگیریان پێکهێنابوو و ببوونە خاوەنی چوار منداڵ.