لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ هێرشه‌كه‌ی سه‌ر شاری هه‌ولێر كاره‌كانی ته‌واوكرد

ئیدانه‌ی هێرشه‌كه‌ ده‌كات.. داوای قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی زیانلێكه‌وتووان ده‌كات
ئه‌و ماڵه‌ی له‌ هێرشه‌ مووشه‌كییه‌كه‌ی ئێران بۆ سه‌ر شاری هه‌ولێر كرایه‌ ئامانج
ئه‌و ماڵه‌ی له‌ هێرشه‌ مووشه‌كییه‌كه‌ی ئێران بۆ سه‌ر شاری هه‌ولێر كرایه‌ ئامانج

K24- هه‌ولێر:

شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا، جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق رایگه‌یاند، لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی په‌رله‌مانی عێراق له‌ هێرشه‌كه‌ی سه‌ر شاری هه‌ولێر كاره‌كانی ته‌واوكرد.

شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا ئه‌م هه‌واڵه‌ی تایبه‌ت به‌ كوردستان24 پشتڕاستكرده‌وه‌ و گوتی: هێرشەکە ماڵێکی سڤیلی کردووەتە ئامانج و لەلایەن هیچ دەزگایەک بەکار نەهێندراوە.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌و هێرشه‌ مووشه‌كییه‌ ئیدانەی هێرشەکە دەکات و پێشێلکارییەکی ئاشکرایی سەروەری عێراقە و دووپاتیكردووه‌ته‌وه‌، پێویستە ئێران قەرەبووی زیانلێکەوتووان بکاتەوە.

جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق گوتیشی: لیژنه‌كه‌ جه‌ختی له‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌، كه‌ پێویسته‌ وەزارەتی دەرەوەی عێراق رێکارەکانی رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی هێرشەکە له‌ ناوه‌نده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بگرێتەبەر.

وه‌ك شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا ئاماژه‌ی پێدا، لێژنەکە جه‌ختی كردووه‌ته‌وه‌، پێویستە حکومەت رێگری بکات لە دووبارەبوونەویە پێشێلکردنی بەردەوامی سەروەری ئاسمانی عێراق.

لیژنه‌كه‌ دووپاتیكردووه‌ته‌وه‌، پێشتر حکومەتی عێراق و هەرێم لە هێرشەکە و هەبوونی بارەگای ئیسرائیلی ئاگادار نەکرابوونەوە.