به‌ریتانیا ئاماری زیانه‌كانی رووسیا له‌ ئۆكرانیا ده‌خاته‌ڕوو

تا ئێستا نزیكه‌ی 15 هه‌زار سه‌ربازی رووسی له‌ شه‌ڕی ئۆكرانیا كوژراون

K24- هه‌ولێر:

وەزیری بەرگری بەریتانیا ئاماری زیانه‌كانی رووسیای له‌ شه‌ڕی ئۆكرانیا خسته‌ڕوو و به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كان، تا ئێستا نزیكه‌ی 15 هه‌زار سه‌ربازی رووسی له‌ ئۆكرانیا كوژراون، وێڕای تێكشكان و له‌ناوچوونی ژماره‌یه‌كی زۆری تانك، زرێپۆش و ده‌یان هێلیكۆپته‌ر و فڕۆكه‌ی جه‌نگیی ئه‌و وڵاته‌ له‌و شه‌ڕه‌دا.

بێن واڵاس، وەزیری بەرگری بەریتانیا گوتی: "61 رۆژ بەسەر دەستپێکی داگیرکارییەکانی رووسیا لە ئۆکرانیا تێدەپەرێت. 74 رۆژ بەسەر ئەو بەڵێنەشدا تێدەپەرێت، كه‌ هاوتا رووسیەکەم بە منێدابوو و دڵنیایکردمەوە، کە ئۆکرانیا داگیر ناکەن".

هه‌روه‌ها دووپاتیكرده‌وه‌، "بەگوێرەی هەڵسەنگاندن و زانیارییەکانی ئێمە، تا ئێستا نزیکەی 15 هەزار سەربازی رووسی لە ئۆکرانیا کوژراون، 20 هەزار ئۆتۆمبێلی سەربازییان تێکشکاون یان دەستیان بەسەردا گیراوە، لەناویشیاندا 530 ـیان تانکی سه‌ربازین. هه‌روه‌ها زیاتر لە 60 هێلیکۆپتەر و فرۆکەی جەنگیی رووسیا تێکشکاون".

گوتیشی: "ئەو هێرشەی بڕیاربوو تەنیا یەك هەفتە بخایەنێت، ئێستا لە هەفتەی نۆیەم نزیك دەبێتەوە. هەفتەی رابردوو رووسیا دانی بەوەدا نا، کە کەشتی مۆسکڤا نقوم بووە، بەمەش دەبێتە دووەم کەشتیی رووسیا لە سەرەتای داگیرکارییەکانیەوە لەناودەچێت، ئەمەش تواناکانی هێزی دەریایی رووسیای لە دەریای رەش کەمکردووەتەوە".

وه‌زیری به‌رگری به‌ریتانیا دووپاتیكرده‌وه‌، "پێمانوایە قۆناغی داهاتووی داگیرکارییەکانی رووسیا داگیرکردنی تەواوەتی دۆنباس و بەستنەوەیەتی بە ماریۆپۆڵ و کرایمیا ده‌بێت. گرنگە لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دڵنیابینەوە، كه‌ ئۆکرانیا چەکی پێویستی پێ دەگات".

H.B