لە باشماخ کەسێک بە یەک کیلۆ ماددەی هۆشبەرەوە دەستگیرکرا

ماددە هۆشبەرەکەی لەژێر جلوبەرگەکەیدا حەشاردابوو
تۆمەتبار
تۆمەتبار

K24 - سلێمانی

دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هاووڵاتییەکی هەرێمی کوردستانیان دەستگیرکردووە، کە یەک کیلۆ ماددەی هۆشبەری پێبووە.

لە راگەیەندراوێکدا دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ ئاماژەی بەوەداوە "کاتژمێر(6:45)خولەکی بەیانی ئەمڕۆ 26/4/2022، لەلایەن یاریدەدەرێتی ئاسایشی باشماخەوە هاوڵاتییەکی هەرێمی کوردستان، لەکاتی گەڕانەوەی بۆ هەرێمی کوردستان و لەدەروازەی باشماخ بەناوی (م ـ ع ـ ح) لە دایکبووی 1970 دانیشتووی یەکێک لەشارەکانی هەرێمی کوردستان دەستگیربکرێت کە پاش پشکنین دەرکەوت بڕی (1000گم) یەک کیلۆگرام ماددەی قەدەغەکراوی لە جۆری (تلیاک) لەژێر جل و بەرگەکەی حەشاردابوو".

ئەو هاووڵاتیەی دەستگیرکراوە، بە بڕیاری دادوەر دەستگیرکراوە و لێکۆڵینەوەی یاسایی لەسەر دۆسیەکە لەگەڵیدا دەستیپێکردووە.

دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ دەڵێت "دڵنیایی بە هاووڵاتییان دەدەین، بەهۆی چاوکراوەیی و شەونخوونی هێزە ئەمنییەکانی کۆمەڵگەی دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخەوە بەردەوام دەبین لە رێگریکردن لە هاوردەکردنی هەر کاڵایەکی قەدەغەکراو و نایاسایی".