بایدن لە خاوەندارێتی ئیلۆن مەسك بۆ تویتەر نیگەرانە
K24 - ههولێر:
جێن ساکی، گوتەبێژی کۆشکی سپی ئاشكرای کرد، بایدن لە گرێبەستی کڕینی تویتەر لەلایەن ئیلۆن مەسکی دەوڵەمەندترین کەسی جیهان زۆر نیگەرانە.
ماوەیەکی درێژە بایدن لە هێزی پێگە کۆمەڵایەتییەکان نیگەرانە، تۆڕەکان بوونەتە سەرچاوەیەک بۆ بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست، بەڵام کۆشکی سپی رەتیکردەوە قسە لەبارەی گرێبەستێکی کەسی بکەن. کۆشکی سپی دووپاتیدەکاتەوە، لە کارکردن بۆ هەڵوەشاندنەوەی یاسای 230 بەردەوام دەبن و وەك پارێزگاری کۆمپانیاکانی ئینتەرنێتی هەژماری دەکات.
کۆشکی سپی دژی قۆرخکارییە لە بواری تەکنەلۆژیا و بەرپرسانی ئیدارەی ئەمریکا پێیانوایە، ئەو پێگانە بوونەتە هۆکاری بڵاوکردنەوەی زانیاری دەستکاریکراو بە تایبەت لەبارەی کۆڕۆنا. دوای ههنگاوهی ئیلۆن مهسك، دۆناڵد ترەمپ، سهرۆكی پێشووی ئهمهریكا رەتیکردەوە بگەڕێتەوە نێو تویتەر و دەیەوێت پەرە بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکەی خۆی بدات.
ئیلۆن مەسک ملیاردێری ئەمهریکی تەواوی پشکەکانی تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەری بە بڕی 44 ملیار دۆلاری کڕی، مەسک دەڵێت، ئازادی رادەربڕین بەردی بناغەی دیموکراسییەکی چالاکە، تویتەریش گۆڕەپانێکی تەکنۆلۆژییە بۆ گەنگەشەکردنی پرسە گەرمەکان بۆ باشترکردنی داهاتووی مرۆڤایەتی، مەسک هیوای خواست ئەوانەی بەردەوام رەخنەی لێدەگرن، لە تویتەر بمێنەوە و له رەخنەكانیان بهردهوام بن.
لەدوای پڕۆسەی کڕینەکە، نرخی پشکەکانی تویتەر بەڕێژەی %4 بەرزبوونەوە و بەهای پشکەکانی لە بازاڕە جیهانییەکان 50 ملیار دۆلاری تێپەڕاند.
ئیلۆن مەسک خاوەنی 170 ملیار دۆلار لە پشکەکانی تێسلا و 101 ملیار دۆلار لە پشکەکانی بۆینگ و 40 ملیار دۆلار لە پشکەکانی سپەیس ئێکس و دەوڵەمەندترینی سەر گۆی زەوییە.