هاتووچۆی هەولێر لەبارەی پێدانی تابلۆی نوێی ئۆتۆمبێل زانیاری دەخاتەڕوو

هەر کەسێک ساڵیانەی ئۆتۆمبێلەکەی بەسەر نەچووبێت ناچار نییە تابلۆکەی بگۆڕێت"
تابلۆی نوێی ئۆتۆمبێل
تابلۆی نوێی ئۆتۆمبێل

K24 – هەولێر

بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر، چەند دەنگۆیەک لەبارەی نرخی پێدانی تابلۆی نوێی ئۆتۆمبێل رەتدەکاتەوە و زانیاری بۆ هاووڵاتییان و شوفێران دەخاتەڕوو.

دوای رێککەوتنی نێوان هاتووچۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق لەبارەی تابلۆی نوێی ئۆتۆمبێل. دوێنێ 25/4/2022، یەکەم تابلۆ بە سیستمی نوێ لە هاتووچۆی هەولێر چاپکرا و دەستکرا بە پێدانی تابلۆ بە شوفێران.

فازڵ حاجی وتەبێژی هاتووچۆی هەولێر بە کوردستان24ی راگەیاند: "تابلۆێی ئۆتۆمبێل لە 5 ژمارە و یەک پیت پێکدێت و بە ئینگلیزی نووسراوە کە هاوشێوەی وڵاتانی پێشکەوتووە، سیستمەکە هەموو عێراق دەگرێتەوە".

روونیکردەوە: "تایبەتمەندی هەرێمی کوردستان لەسەر تابلۆکە دیاریکراوە، لەلای چەپی تابلۆکە کورتکراوەی ناوی عێراق هەیە لەژێرەوەش کورتکراوەی ناوی هەرێمی کوردستان و شارەکان هەیە".

سەبارەت بە رسوماتی گۆڕینی تابلۆل فازڵ حاجی گوتی: "لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە چەندین شێوە باسی رسومات کراوە لە کاتێکدا زانیارییەکان هەمووی هەڵەیە، پێشتر رسومات 50 هەزار دینار بوو ئێستا بووەتە 60 هەزار دینار، چونکە تێچووی زیاترە"

راشیگەیاند: "هەر هاووڵاتییەک ساڵیانەی ئۆتۆمبێلەکەی بەسەر نەچووبێت ناچار نییە بێت بیگۆڕێت تاکو بەسەر دەچێت، بەڵام ئەگەر هاووڵاتییەک خۆی حەز بکات بیگۆڕێت لەوکاتە لە جیاتی 60 هەزار دینار 120 هەزار دینار دەدات، هەروەها کەسێک گەر بیەوێت خۆی داوای ژمارەیەک بکات و پیتێکیش لەگەڵ ژمارەکە بێت ئەوە جیاوازە، بۆ نموونە کەسێک بێت بڵێ ژمارەی ئۆتۆمبێلەکەم با ساڵی لە دایکبوونم بێت لەگەڵ پیتی یەکەمی ناوەکەم، ئەوکات لە سیستەم تەماشا دەکرێت، ئەگەر مابێت پێیدەدرێت و 2 ملیۆن دیناریشی لێوەر دەگیرێت، لە زۆربەی وڵاتان ئەوە پەیڕەو دەکرێت، ژمارە نایەبەکانیش جیا دەکرێنەوە و بەگوێرەی زیاد کردنی ئاشکرا دەفرۆشرێنەوە".

وتەبێژی هاتووچۆی هەولێر، ئاماژەی بەوەشدا: "لە ژمارە 1 تا تابلۆی پێنج ژمارەیی دەستکاری ناکرێت تەنها پیتی بۆ زیاد دەکرێت، لە شەش ژمارەیی لەلای چەپەوە دووەم ژمارە لادەبرێت و پیت لە شوێنی دەنوسرێت".

لەبارەی هاتووچۆ بۆ دەرەوەی عێراق بەم تابلۆ نوێیە، فازڵ حاجی دەڵێ: "تابلۆ نوێییەکە هیچ کێشەیەکی نییە ئەگەر بیبەیتە مەریخیش، سیستمی ئێستا هاوشێوەی وڵاتانی پێشکەوتووە".

ئەوەشی خستەڕوو: "دوای جەژن پێدانی تابلۆێی نوێ بە ئۆتۆمبێلە بارهەڵگر و تاکسیەکان دەستپێدەکات".