وەزارەتی کارەبا: لە هەندێک ناوچە رۆژانە زیاتر لە 20 کاتژمێر کارەبا بە هاووڵاتییان دەدرێت

"لە چەند وێستگەیەکی کارەبا گرفتی سوتەمەنی هەیە"
بڕیاری لێخۆشبوونی 15%ی كرێی كاره‌با ده‌رچوو
بڕیاری لێخۆشبوونی 15%ی كرێی كاره‌با ده‌رچوو

K24 – هەولێر

وتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، خشتەی پێدانی کارەبا گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە و لە هەندێک ناوچە رۆژانە زیاتر لە 20 کاتژمێر کارەبا بە هاووڵاتییان دەدرێت.

ئومێد ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی کارەبا بە کوردستان24ی راگەیاند: "ئێستا پێدانی کاتەکانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان 18 کاتژمێر تا سەرووی 20 کاتژمێرە، دوای تەواوبوونی شەپۆلی سەرما لە هەندێک شوێن بە رێژەیەکی بەرچاو خواست بۆ کارەبا کەمیکردووە و لە بەرامبەردا کاتەکانی کارەبا زیادیکردووە، لەو شوێنانەشی هێشتا خواست زۆرە 18 کاتژمێر یان کەمترە. بەگوێرەی ئەو داتایانەی لە کۆنترۆڵی کارەبا بۆمان گەڕاوەتەوە بە گشتی لەم مانگەدا تێکڕای کاتەکانی کارەبا لە 18 کاتژمێر تا 19 کاتژمێر بووە".

دەربارەی خشتەی وەزارەتی کارەبا بۆ وەرزی گەرما، ئاماژەی بەوە کرد: "لە 20 مانگی رابردوودا پارەمان لەبەردەست نەبووە بۆ پڕۆژە، لە چەند وێستگەیەکی کارەبا گرفتی سوتەمەنی هەیە و چەندین جار قسەمان لەسەر کردووە، تائێستا گرفتەکە بەردەوامە، لە دوایین کۆبوونەوەماندا سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندی لەسەر خەرجکردنی بڕێک پارە داوە بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی وەزارەتی کارەبا، بۆ ئەم مەبەستە لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بەردەوام لەسەر خەتین، دڵنیام ئەوە بکرێت کەمتەرخەمی ناکرێت بۆ دابینکردنی کارەبا لە وەرزی گەرمادا".

ئەوەشی خستەڕوو: "ئەگەر وەزارەتی کارەبا توانای دارایی هەبێتم دەتوانێت لە وەرزی هاویندا کارەبا بۆ بیرەکانی ئاو دابین بکات، چونکە توانای تەکنیکیمان هەیە".

سەبارەت بە کاریگەرییەکانی پێوەری زیرەک لەسەر تۆڕەکانی کارەبا، وتەبێژی وەزارەتی کارەبا گوتی: "وەک پێشتریش رامانگەیاندووە پێوەری زیرەک رێگر دەبێت لە سەرپێچی، هاوکات لە خوێندنەوەی بەکارهێنانی کارەبا یان کۆکردنەوەی داهات وردترە، بە دڵنیاییەوە پیوەری زیرەک ئامانجەکانی دەپێکێت، لە قۆناغی یەکەم لە هەر شوێنێک پێوەری زیرەک ببەسترێت لەوێ سەرپێچی کۆتایی پێدێت، لە قۆناغەکانی داهاتوودا دەبەسترێتەوە بە داتا سەنتەر".