گازپڕۆم هەناردەی گازی بۆ پۆڵەندا و بولگاریا راگرت

راگرتنی هەناردە نرخی گازی سروشتی لە ئەوروپا بەرزکردەوە
کێڵگەیەکی بەرهەمهێنانی سووتەمەنی
کێڵگەیەکی بەرهەمهێنانی سووتەمەنی

K24 - هه‌ولێر:

دوای ئەوەی کۆمپانیای گازپڕۆمی رووسی رایگەیاند، هەناردەی گازی بۆ پۆڵەندا راگرت، نرخی گازی سروشتی لە ئەوروپا بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە.

بە گوێرەی بۆرسەی لەندەن ICE نرخی گازی سروشتی بە رێژەی سەدا 12 بەرزبووە، بە جۆرێک نرخی 1000 مەتر سێجا گازی سروشتی گەیشتە 1150 دۆلار.

سەرچاوە هەواڵییەکانی پۆڵەندا رایانگەیاند، هەناردەی گاز لەلایەن رووسیاوە بۆ پۆڵەندا وەستاوە، هەروەها کۆمپانیای گازپڕۆمیش دووپاتیکردەوە، کە بەهۆی دروستبوونی کێشە لە پێدانی پارەکان بە روبڵی رووسی هەناردەی گازی بۆ پۆڵەندا و بولگاریا راگرتووە.

كۆمپانیای گازپڕۆم لە راگەیەندراوێک رایگەیاند، وارسۆ پابەندە بەوەی بە گوێرەی سیستەمی پێدانی نوێ  سەرجەم تێچوونەکان بە روبڵی رووسی بدات، بۆیە هەناردەی گازی بۆ وڵاتەکە راگرتووە.

ئەمە لە کاتێکدایە بانکی جیهانی رایگەیاندبوو، پێشبینی دەکەن نرخی گازی سروشتی لە ئەوروپا دوو هێندە بەرزبێتەوە، ئاماژەی بەوەشدا کە نرخی خەڵووز سەدا 80 بەرزدەبێتەوە.