هێمن هه‌ورامی: هەڵبژاردن مافی گەلە و نابێت هیچ کەس و لایەنێك ئەم مافە زەوت بکات

"پێویسته‌ هه‌ڵبژاردن له‌كاتی خۆیدا به‌ڕێوه‌بچێت"
هێمن هه‌ورامی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان
هێمن هه‌ورامی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان

K24- هه‌ولێر:

هێمن هه‌ورامی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان جه‌خت له‌ به‌ڕێوه‌چوونی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی كوردستان له‌ كاتی خۆیدا ده‌كاته‌وه‌ و گوتی: شەفافییەت و متمانەی زیاتر بە پڕۆسەی دیموکراسی و هەڵبژاردن بەوە زیاتر دەبێت کە هەر چوارساڵ جارێک هەڵبژاردنەکان لەکاتی خۆیدا بکرێت.

هێمن هه‌ورامی دووپاتیشیكرده‌وه‌، "هەڵبژاردن و پڕۆسەی دیموکراسی مافی گەلە و نابێت هیچ کەس و لایەنێك ئەم مافە زەوتبکات" و گوتیشی: پێویسه‌ تۆماری دەنگدەران نوێبکرێتەوە، یان سوود لە تۆماری بایۆمەتری دەنگدەران لە کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق وەربگیرێت.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، داوای پشتیوانی زیاتریان لە یەکێتی ئەوروپا کردووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی چاودێری هه‌ڵبژاردنه‌كان بكه‌ن، له‌ پێناو سه‌رخستنی پرۆسه‌كه‌.

سەبارەت بە  یاسای هەڵبژاردنیش کە رەهەندیکی نیشتیمانی هەیە، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان دووپاتیكرده‌وه‌، پێویستە یاساكه‌ بە جۆرێك بێت، كه‌ خواستی دیموکراسی و گەرەنتی هەڵبژاردنەکان لەکاتی خۆیاندا له‌خۆ بگرێت و دوور بێت لە میزاج و بەرژەوەندیی تەسکی حیزبەکان، و هەر چوار ساڵ جارێك بە بێ بیانووی خراپی یان باشی ئەنجامەکانیان داوای هەمووار یان هێشتنەوەی یاسای هەڵبژاردن نەکەن.

ئه‌م گوتانه‌ی هێمن هه‌ورامی له‌ میانه‌ی دیدارێكدا له‌گه‌ڵ لە ماری پارێت، بەرپرسی نووسینگەی یەکێتی ئەوروپا لە هەرێمی کوردستان هاتوون و گوتی: "لە بەشێکی دیكه‌ی دیدارەکەد باسمان لە لێکتێگەیشتنی سیاسی و کاری دامەزراوەیی پەرلەمان کرد، کە تەواوکاری یەکترن، و ناکرێت کۆسپ و ئاستەنگە سیاسییەکان درێژەی پێبدرێت، بەبیانووی رێکنەکەوتنی لایەنە سیاسییەکان لە دەرەوەی پەرلەمان، کاری دامەزراوەیی و بەرپرسیاریەتی یاسایی پەرلەمان نادیدە بگیرێت".

جه‌ختیشیكرده‌وه‌، له‌ دیداره‌كه‌دا بەگرنگییەوە باس لە پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان کرا، بەوەی فرەییەکی جوانی نەتەوەیی و ئاینییان لە هەرێمی کوردستان دروستکردووە و نمونەیەکی جوانی پێکەوەژیانن و پێویستە ئەمەش رەنگدانەوەی لەنێو پەرلەمانی کوردستاندا هەبێت، و لەلایەن خودی پێکهاتەکان بڕیاری لەسەر بدرێت و ئێمەش پشتیوانی هەر هەڵوێست و بڕیار و بۆچوونێك دەبین، کە پێکهاتەکان خۆیان بیخەنەڕوو.

گوتیشی، هه‌ر له‌و دیداره‌دا داوای پشتیوانی زیاترمان لە یەکێتی ئەوروپا کرد بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان و چاودێری و سەرخستنی پڕۆسەکە.

هێمن هه‌ورامی و ماری پارێت، بەرپرسی نووسینگەی یەکێتی ئەوروپا لە هەرێمی کوردستان
هێمن هه‌ورامی و ماری پارێت، بەرپرسی نووسینگەی یەکێتی ئەوروپا لە هەرێمی کوردستان
دیداری هێمن هه‌ورامی و ماری پارێت، بەرپرسی نووسینگەی یەکێتی ئەوروپا لە هەرێمی کوردستان
دیداری هێمن هه‌ورامی و ماری پارێت، بەرپرسی نووسینگەی یەکێتی ئەوروپا لە هەرێمی کوردستان

H.B