پۆڵه‌ندا: چیتر پێویستمان بە گازی رووسیا نییە

سه‌رۆك وه‌زیرانی پۆڵه‌ندا بۆ وڵاتانی ئه‌وروپی: پارەی گازی رووسیا بە رۆبڵ نەدەن و سزای زیاتر بەسەر مۆسکۆدا بسەپێنن

K24- هه‌ولێر:

سەرۆك وەزیرانی پۆڵەندا رایگەیاند، چیتر پێویستمان بە گازی رووسیا نییە و راگرتنی هەناردەی گازی رووسی هیچ کاریگەری لەسەر وڵاتەکەی نابێت.

ماتێیوش مۆراویێتسکی، سەرۆك وەزیرانی پۆڵەندا داوای لە وڵاتانی ئەندام له‌ یەکێتی ئەوروپاش كرد، پارەی گازی رووسیا بە رۆبڵ نەدەن و سزای زیاتر بەسەر مۆسکۆدا بسەپێنن.

ماتێیوش مۆراویێتسکی له‌ درێژه‌ی گوته‌كانیدا گوتی: "هاوردەی گازی رووسیا بۆ پۆڵەندا راگیرا. ئەم هەنگاوەی رووسیا کاریگەری  بڕیارەکانمان لەسەر مۆسکۆ دەسەلمێنێت، سەلمێنەری ئەوەشە کە چۆن دەتوانین بەرامبەر رووسیا بەرگری لە خۆمان بکەین، بۆ ئەوەی گاز وەك چەکێك لە دژمان بەکارنەهێنێت".

هه‌وره‌ها جه‌ختیكرده‌وه‌، "لەگەڵ بڕیارەکەی رووسیا بۆ راگرتنی هەناردەی گاز بۆ پۆڵەندا، ئێمە چیتر پێویستمیان بە گازی رووسی نییە. دەبەنگییە ئەگەر پێمانوابێت رووسیا گاز وەك چەکێك لە دژمان بەکارناهێنێت، چەندین ساڵە ئەم چەکە لەدژی ئەوروپا بەکاردەهێنێت".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "داوا لە هەموو وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا دەکەم، نەك تەنیا پارەی گازی رووسی بە رۆبڵ نەدەن، بەڵکو باجیش بخەنە سەر نەوت و گازی رووسیا، بۆ ئەوەی نەتوانێت بازاڕێکی دیکە پەیدا بکات. داوا دەکەم سزای زیاتر بەسەر مۆسکۆدا بسەپێنن، بۆ ئەوەی بوجەی ئەو وڵاتە زۆرترین زیانی پێبگات".

H.B