شتێك نه‌ما به‌ناوی برایه‌تی و پێكه‌وه‌ژیان

K24- مینیسۆتا- ئه‌مه‌ریكا:
ده‌سه‌ڵاتدارانی ئۆكرانیا رۆژی 26ـی نیسان (ئه‌پرلی 2022) به‌رامبه‌ر ئه‌و كۆمه‌ڵكوژییه‌ی رووسیا، په‌یكه‌ری (برایه‌تی و پێكه‌وه‌ژیان) یان تێكوپێكشكاند كه ده‌كه‌وێته ناوه‌ڕاستی كێڤ-ی پایته‌ختی ئه‌و وڵاته.
په‌یكه‌ری (برایه‌تی و پێكه‌وه‌ژیان) له‌ژێر هیلالێكی گه‌وره‌ی تیتانیۆمدا و له گۆڕه‌پانێكی فراواندایه و بۆ سه‌رده‌می یه‌كێتی سۆڤیه‌تی جاران ده‌گه‌ڕێته‌وه، یه‌كێكه له‌و په‌یكه‌رانه‌ی كه به برۆنز رووپۆش كراوه و به‌رزییه‌كه‌ی 8 مه‌تر ده‌بێت، په‌یكه‌ره‌كه بریتییه له كرێكارێكی رووسی و ئۆكرانی كه پێكه‌وه وه‌ك دوو كارگه‌ر دروشمی سیستمی هاوڕێیه‌تی سۆڤیه‌تیان به‌رزكردۆته‌وه و ئاماژه‌یه بۆ پێكه‌وژیان له‌سایه‌ی سۆڤیه‌تدا.

ساڵی 1982 له یادی 60 ساڵه‌ی دامه‌زراندنی یه‌كێتی سۆڤیه‌ت-دا په‌یكه‌ره‌كه وه‌ك سیمبولی برایه‌تی نێوان رووسه‌كان و ئۆكرانییه‌كان دانرا، ساڵی 1990 له‌ته‌واوی یه‌كێتی سۆڤیه‌ت و به‌تایبه‌تی له رووسیا وێرای تێكوپێكشاندنی ته‌واوی په‌یكه‌ره‌كانی لینین و سیمبوله‌كانی كۆمۆنیزم، ئۆكرانییه‌كان ئه‌م په‌یكه‌ره‌یان به زیندوو هێشته‌وه، به‌ڵام جه‌نگی داگیركاری رووسیا به‌رامبه‌ر ئۆكرانیا ئه‌م په‌یكه‌ره‌ی سه‌رده‌می كۆمۆنیزمی له‌ناوبرد.
به‌پێی راپۆرتێكی رۆیته‌رز، ڤیتالی كلیتچكۆ سه‌رۆكی شاره‌وانی كێڤ له‌میانی لابردنی په‌یكه‌ره‌كه‌دا، گوتی: "ئێمه ئێستا ده‌بینین چ برایه‌تییه‌كه، كام برایه‌تی و پێكه‌وه‌ژیان و هاوڕێیه‌تی، وێرانكردنی خه‌ڵكی ئۆكرانیا و كوشتی سه‌دان هه‌زار و ئاواره‌بوونی 8 ملیۆن كه‌س نیشانه‌ی برایه‌تی و هاوڕێیه‌تی نییه.. .. له‌و باوه‌ڕه‌دام كه ئه‌م په‌یكه‌ره به‌ته‌واوی مانایه‌كی جیاوازی هه‌یه له ئێستادا".

سه‌ره‌تا كه‌لـله‌سه‌ری یه‌كێك له له‌و دوو كرێكاره‌ی په‌یكه‌ره‌كه‌یان لێكرده‌وه و فڕیاندایه خواره‌وه، دواتر به ئامێری (كرێن) په‌یكه‌ره‌كه‌یان هه‌ڵكه‌ند و له‌نێو ئاپۆره‌ی سه‌دان كه‌سدا كه هاواریان ده‌كرد (سه‌روه‌ری بۆ ئۆكرانیا) ته‌واوی په‌یكه‌ره‌كه‌یان تێك‌شكاند.
ئێن پی ئار له راپۆرتێكدا باس له‌وه ده‌كات مانه‌وه‌ی په‌یكه‌ره‌كه بۆ ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه بۆته جێگه‌ی مشتومڕی دانیشتوانی كێڤ و به‌رپرسان، له‌دوای داگیركردنی نیوه‌دورگه‌ی (كرامییه-قرم) له ساڵی 2014 و به‌رزبوونه‌وه‌ی گرژییه‌كانی رووسیا و ئۆكرانیا، دانیشتوانی كێڤ به‌ته‌واوی داوای لابردنی په‌یكه‌ره‌كه‌یان كردووه، به‌ڵام له‌وكاته‌وه تا رۆژی 24ی شوباتی 2022، سه‌رۆكی شاره‌وانی كێڤ هه‌میشه رێگری كردووه له لادانی په‌یكه‌ره‌كه، به‌ڵام دوێنێ 26ی نیسان، پاش 60 رۆژ زیاتر له جه‌نگی داگیركاری رووسیا به‌رامبه‌ر ئۆكرانیا، په‌یكه‌ره‌كه لابرا.
سكۆت دیترۆ هاوڵاتییه‌كی شاری كێڤ- به ئێن پی ئار-ی وت: "تا ئه‌م دوو مانگه‌ی دواتریش زۆرێك مانه‌وه‌ی په‌یكه‌ره‌كه‌یان به پێویست ده‌زانی به‌ڵام ئێستا ته‌واوی دانیشتوان و به‌رپرسه‌كانی كێڤ گه‌یشتوونه‌ته ئه‌و بڕوایه‌ی كه ئه‌م په‌یكه‌ره گونجاو نییه، بۆیه سه‌رۆكی شاره‌وانی كێڤ رۆژی 25 نیسان بریاریدا كه په‌یكه‌ره‌كه لاببرێت و رۆژی 26 نیسان لادرا".
به‌پێی بۆچوونی سه‌رۆكی شاره‌وانی كێڤ له شوێنی په‌یكه‌ره‌كه، شتێكی نوێ داده‌نرێت كه ئاماژه‌بێت بۆ خۆڕاگری و ئازادی خه‌ڵكی ئۆكرانیا به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌موو قوربانییه‌ی كه بۆی داوه، له‌مباره‌یه‌وه كلیتچكۆ به سی ئێن ئێن-ی وت: "دوای لابردنی په‌یكه‌ره برۆنزییه‌كه، په‌یكه‌رێكی تر بنیادده‌نرێت كه گوزارشت بێت له ئازادی و خۆراگری خه‌ڵكی ئۆكرانیا"، وتیشی: "په‌یكه‌رێك دروست ده‌كه‌ین له‌ژێر هیلالی ئازادی بۆ گه‌لی ئۆكرانیا".

هه‌روه‌ها رۆژنامه‌ی ئیندپێنت-ی به‌ریتانی له راپۆرتێكدا، سیره‌ی میرهۆرۆدسكی یه‌كێك له دیزاینه‌ری په‌یكه‌ره‌كه‌ی دواندووه كه له شوێنی رووداوه‌كه ئاماده‌گی هه‌بووه، ئه‌و به رۆژنامه‌كه‌ی وتووه: "ئایا هاوڕێیه‌تی ماوه له‌نێوان ئێمه و ئه‌واندا، ڤلادیمێر پوتن ده‌لاقه‌یه‌كی گه‌وره‌ی دوژمنایه‌تی خسته نێوان ئه‌م دوو گه‌له‌وه، بۆیه هاورێیه‌تی نێوان گه‌لی ئۆكرانی و رووسی كه ئه‌م په‌یكه‌ره گوزارشتی لێده‌كات هیچ مانایه‌كی نییه".
رۆژی 24 ی شوبات (فێبرایه‌ری 2022) رووسیا له چه‌ند ناوچه‌یه‌كی جیاوازه‌وه هێرشی ئاسمانی و زه‌مینی بۆ سه‌ر ئۆكرانیا ده‌ستپێكرد، وێرای زاڵبوونی توانای سه‌ربازی و ژماره‌یی رووسیا به‌سه‌ر ئۆكرانیا و سه‌ركه‌وتوویی له هه‌فته‌كانی یه‌كه‌می شه‌ڕدا، به‌ڵام به‌هۆی به‌رگری بێوێنه و توندی ئۆكرانییه‌كان توانای رووسیا له‌به‌ری خۆرئاوا و كێڤ شكست پێبهێنێت و ئێستا ده‌ستی به‌كشانه‌وه كردووه و شه‌ڕی خستۆته به‌ره‌ی خۆرهه‌ڵاتی ئۆكرانیا، له‌و شه‌ڕه‌دا تێكڕا زیاتر له 20 هه‌زار سه‌ربازی رووسی و ئۆكرانی كوژراون، به‌پێی راپۆرتی مافی مرۆڤ-ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان 7 ملیۆن و 700 هه‌زار كه‌س ئاواره‌بوون كه 2 ملیۆن-یان له كێڤ-ی پایته‌خت-ه، هه‌روه‌ها 2700 هاووڵاتی مه‌ده‌نیش به‌ده‌ستی سوپای رووسیا كوژراون.