سوپای ئۆکرانیا لە ئیرپین بۆ رووبەڕووبوونەوە ئامادەکاری دەکات

رووسیا هێرش بۆ سەر کیێڤ دەستپێدەکاتەوە
سەربازانی خۆبەخشی ئۆکرانیا
سەربازانی خۆبەخشی ئۆکرانیا

K24 - ئیرپین

سوپای ئۆکرانیا لە ئیرپین دەستیکردووە بە دانانی هێڵی بەرگری نوێ، ئەو شارە چەند هەفتەیەکە لە دەست رووسیا دەرهێندراوە، سەربازانی ئۆکرانی بە کوردستان24یان راگەیاند، ئەگەر هەیە جارێکی دیکە رووسیا هێرش بکات و ئەوانیش ئامادەی بەرپەرچدانەوەن.

دوو مانگ بەسەر شەڕی رووسیا و ئۆکرانیا تێپەڕی، بەرپرسانی سەربازی رووسیا رایدەگەیەنن، دوای کۆنترۆڵکردنی ماریۆپول هێرش بۆ سەر کیێڤ دەستپێدەکەن. بەگوێرەی ئامارەکان تائێستا زیاتر لە 40 هەزار کەس کوژراون و بە دەیان شار و شارۆچکەی ئۆکرانیاش وێران بوونە. بەگوتەی سەربازانی ئۆکرانیا رووسیا ئامادەکاری دەکات بۆ هێرشکردنە سەر ئیرپین، ئەوانیش سەرقاڵی ئامادەکارین بۆ دانانی هێڵی بەرگری.

سەربازێکی خۆبەخشی ئۆکرانی بەناوی ئەلێکسەندەر، بە کوردستان24ی گوت: "وەک خۆبەخش هاتوومەتە ریزەکانی سوپا، لێرە سەرقاڵی دانانی هێڵی بەرگرین، ئەگەر هەیە رووسیا جارێکی دیکە هێرش بکاتە سەر کیێڤ".

ڤیتالی، سەربازێکی دیکەی خۆبەخشی ئۆکرانییە و لە شاری ئیرپینی سەر بە کیێڤ بۆ کوردستان24 دوا، ئەو دەڵێ: "داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین هاوکاری ئۆکرانیا بکەن".

پێش دەستپێکردنی شەڕ ژمارەی دانیشتووانی ئیرپین 62 هەزار کەس بوو، دوای شەڕ ژمارەکە بووە بە 5 هەزار کەس، بە سەدان کەس لەو شارە بەهۆی هێرشەکانی رووسیا گیانیان لەدەستداوە، زۆربەی باڵەخانە و شوێنە گشتییەکانی شارەکەش داڕوخاون.