داهاتی هەرێمی کوردستان لە مانگێکدا چەندە؟

Kurd24

هەموو بابەتی دارایی و ئابووری لەسەر دوو پایە شیدەکرێنەوە، ئەوانیش (داهات و خەرجی)ـن، هەر کاتێکیش بڕی داهاتی کۆکراوە کەمتربوو لە کۆی خەرجییەکان ئەوە بابەتێکی دیکە دێتە ئاراوە کە بریتییە لە کورتهێنان.

نەبوونی بودجە لە هەرێمی کوردستان هۆکارێکی سەرەکی دروست بوونی گرفتی داراییە، کە لە ساڵی 2014ەوە بەهۆی بڕینی بەشە بودجەی هەرێم لەلایەن حکومەتی عێراقەوە و شەڕی داعش و قەیرانی دارایی تاوەکو ئێستا بودجە نەهاتووەتە پەرلەمانی کوردستان. بەڵام کە بودجە نەبوو، مانای ئەوە نییە، داهات دیار نەمینێت و لە خزمەتی خەڵکدا خەرج نەکرێت کە خاوەنی یەکەم و کۆتایی داهاتی هەرێمی کوردستان خەڵک خۆیەتی.

خوێندنەوەی هەڵە و پشت نەبەستن بە سەرچاوەی باوەڕپێکراو بۆ پرسە داراییەکان قەیرانێکی تری بۆ هەرێم دروستکردووە، هێنانەوەی داتا و ژمارەی نادروست هۆکارێک بووە لەنەمانی متمانە لەنێوان هاوڵاتی و حکومەت و دەرئەنجامی ئەمەش شڵەژانێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی لێ بەرهەم هاتووە.

وەکو دوو ئەندام لە لیژنەی دارایی و کاروباری ئابووری پەرلەمانی کوردستان، لەڕێگەی ئەم نووسینەوە هەوڵ دەدەین بە پشت بەستن بە داتا و بەڵگەی باوەڕپێکراو ژمارە داراییەکانی پەیوەست بە داهات و خەرجی بخەینە ڕوو، لەپاڵ ئەمەشدا باس لە سستی دابەشکردنی موچە لە پارێزگای سلێمانی (هەڵەبجە، گەرمیان و ڕاپەڕین) دەکەین.

یەکەم: داهات

سەرچاوەکانی داهات لە هەرێمی کوردستان:

- داهاتی نەوتی

- داهاتی ناوخۆ (داهاتی نانەوتی)

- هاوکاری هاوپەیمانان

- 200 ملیاری بەغداد: بەهۆی پابەندنەبوونی بەغداد بە ناردنی ئەم بڕە پارەیە لەکاتی خۆیدا  ناتوانین بەشێوەیەکی جێگیر پشت بەم سەرچاوە داهاتە ببەستین. بۆیە لەم سۆنگەیەوە حکومەتی هەرێم بەشێوەیەکی جێگیر پشت بە داهاتەکانی خۆی دەبەستێت، لەم ساڵدا بەغداد تەنها یەک جار 200 ملیارەکەی بۆ هەرێم ناردووە.

- داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان:

هەرێمی کوردستان بەتێکڕا لە ڕۆژێکدا 420 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەکات، پێویستە بۆ خوێنەران ئەوەش ڕوون بکەینەوە کەوا سەرهەڵدانی کێشەی نێوان ڕوسیا و ئۆکرانیا قەیرانێکی وزەی جیهانی بەدوای خۆیدا هێنا، بەهۆی ئەوەی یەکێک لە گەورە کۆمپانیاکانی ڕوسیا بەشدارە لە پڕۆسەی فرۆشتنی نەوتی هەرێم ئەمەش کێشەیەکی کاتی بۆ فرۆشتنی بڕی 60 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە بۆ مانگی ئادار دروستکردووە. بۆیە تێکڕای فرۆشی نەوت بۆ مانگی ئادار 360 هەزار بەرمیل بووە لە ڕۆژێکدا. حکومەتی هەرێم لە هەوڵی جدیدایە بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە.

لە مانگی ئادار تێکڕای نرخی فرۆشتنی بەرمیلێک نەوتی هەرێم (99.97$) بووە. واتا داهاتی مانگی ئادار لە نەوت ملیارێک و 118 ملیۆن دۆلار بووە. لەو بڕە (577) ملیۆن دۆلار بۆ خەرجی کۆمپانیاکان و کرێی گواستنەوە و قەرزەکان رۆیشتووە، ئەوەی کە ماوەتەوە (541) ملیۆن دۆلار بۆ وەزارەتی دارایی گەڕاوەتەوە.

- داهاتی ناوخۆ: تێکڕای مانگانەی داهاتی ناوخۆ لە هەرێمی کوردستان (295) ملیار دینارە کە دەکاتە 28٪ی کۆی گشتی داهاتی هەرێمی کوردستان و بەم شێوەیە دابەشدەکرێت:

یەکەم/ گومرک

تێکڕای داهاتی گومرک لە هەرێمی کوردستان بۆ مانگێک 126 ملیار دینارە. دەکاتە 42٪ی کۆی گشتی داهاتی ناوخۆ.

بڕی ئەم داهاتە لە هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک  87 ملیار دینارە کە لە %69ی داهاتی گومرک پێک دەهێنێت.

لە پارێزگای سلێمانی 39 ملیار دینارە و لە %31ی داهاتی گومرک پێک دەهێنێت.

دووەم/ باج

کۆکردنەوەی داهاتی باج یەکێکە لە گرفتە سەرەکییەکان و گفتوگۆی زۆری لەسەر دەکرێت. تێکڕای داهاتی باج بۆ مانگێک 39 ملیار دینارە. 13٪ی کۆی گشتی داهاتی ناوخۆیە.

لە هەولێر و دهۆک ئەم داهاتە بە تێکڕا بۆ مانگێک 32 ملیار دینارە کە دەکاتە لە 82٪ی  داهاتی باج بۆ مانگێک.

پێشتر لە سلێمانییەوە داواکارییەک هەبوو کە ناکرێت کارێک لە سلێمانی بکرێت و بڕی باجەکەی لە هەولێر بدرێت. ئەو کێشەیە لە نێوان لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان و ئەنجوومەنی وەزیران بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری گشتی بانکی ئاشتی لە سلێمانی بڕیاری چارەسەرکردنی درا، کە هەر پڕۆژەیەک لە سلێمانی بێت و کۆمپانیای جێبەجێکار لە هەولێر بێ، دەبێت داهاتی باجەکەشی هەر بۆ خودی سلێمانی بێت.

سێیەم/ رسومات:

لە کۆی 19 وەزارەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان 11 وەزارەت داهاتی هەیە و بڕی داهاتی بەدەست هاتوو لەم وەزارەتانە بە تێکڕا بۆ مانگێک  (130 ملیار دینارە). دەکاتە 44٪ی لە کۆی گشتی داهاتی ناوخۆ. 

ئەویش بەم شێوەیە:

وەزارەتی کارەبا:

73٪  لەهەولێر و دهۆک

27٪  سلێمانی

هاتوچۆ (وەزارەتی ناوخۆ):

74٪  هەولێر و دهۆک

26٪  سلێمانی

تۆماری خانووبەرە:

70٪  هەولێر و دهۆک

30٪  سلێمانی

شارەوانی:

79%  هەولێر و دهۆک

%21  سلێمانی

دەرئەنجام کۆی گشتی داهاتی مانگی ئاداری ئەمساڵ 2022 بەم شێوەیەیە، نزیکەی ترلیۆنێک و 41 ملیۆن دینار (720 ملیۆن دۆلار). ئەمە لەگەڵ 200 ملیار دیناری عێراق کە تەنها بۆ مانگی سێ نێردرا.

دووەم: خەرجی

خەرجییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مانگێکدا ترلیۆنێک و 41 ملیار دینارە و بەم شێوەیە دابەشکراوە:

- دابینکردنی مووچە 909 ملیار دینار.

- نەسرییە و بودجەی تەشغیلی و پڕۆژەکان 132 ملیار دینار.

کورتهێنان (عجز):

مانگی یەک و دوو حکومەتی عێراق هیچ بڕە پارەیەکی نەناردووە بو هەرێمی کوردستان، حکومەتی هەرێم بۆ تەواوکردنی موچەی مانگی یەک بڕی 138 ملیۆن دۆلار (200 ملیار دینار)ی لە داهاتی نەوتی مانگی دوو  دابینکردووە.

ئەم کورتهێنانە لە مانگی دوو بەردەوام بووە.لەگەڵ هاتنی 200 ملیارەکەی بەغداد و زیادبوونی داهاتی نەوت بۆ مانگی سێ 181 ملیۆن دۆلار داهات زیاد بووە. لەم بڕە  138 ملیۆن دۆلار بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنان بووە و 43 ملیۆن دۆلاریش دراوە بۆ پەرەپێدان و چاککردنەوەی وێستگەکانی کارەبا و پارەکە هەمووی ڕادەستی کۆمپانیای ماس کراوە.

هۆکاری پشت سستی دابەشکردنی موچە لە پارێزگای سلێمانی (هەڵەبجە، گەرمیان و ڕاپەڕین) چییە؟

نزیکەی 55 ملیار دینار داهاتی مانگانەی سلێمانی ئەوەی کە (بەفەرمی) کۆدەکرێتەوە ناگەرێتەوە نێو بانکەکان.

ئەم شیکردنەوە داراییە بەرچاوڕوونییەکمان لا دروست دەکات و دەمانگەیەنێتە ئەم دەرئەنجامە:

کێشەکە لە کۆکردنەوەی داهاتی ناوخۆدایە و کە بەدوایخۆیدا کێشەی نەختێنەی بۆ بانکەکانی سلێمانی دروستکردووە و ئەمەش هۆکاری سەرەکییە لە سستی دابەشکردنی مووچە، کەمی دەرمان، پاکنەکردنەوەی شارەکان لە زبڵ و خاشاک...

بۆ بەڕێوەبردنی داهات و خەرجی هەرێمی کوردستان چەندین ساڵە سیستەمێکی دارایی تایبەت جێبەجێ دەکات، کە ئەم سیستەمە بەم شێوەییە : (%57 هەولێر و دهۆک) و (%43 سلێمانی).

لە کۆی گشتی داهاتی ناوخۆی هەرێم کە 295 ملیار دینارە، تەنها 78 ملیار دیناری لە پارێزگای سلێمانییەوەیە! لەکاتێکدا بەپێی سیستەمی ڕێژەیی دارایی هەرێم بێت پێویستە داهاتی سلێمانی مانگانە نزیکەی 130 ملیار دینار بێت، واتە 40٪ی لە داهاتی سلێمانی مانگانە دیار نییە کە دەکاتە نزیکەی 55 ملیار دینار.

ئەمە جگە لە کارە نایاسییەکانی خاڵە سنوورییەکانی پارێزگاکە بەتایبەت قاچاغچییەتی. سەبارەت بەم بابەتە ساڵی پێشوو وەکو لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان سەردانی دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستانمان کرد و بە بەڵگە و دۆکیۆمێنت بۆمان ڕوون بوویەوە کە قاچاغی لە باشماخ و پەروێزخان بەڕۆژی ڕووناک بەردەوامە. لەم بابەتە شیکاریەدا ئەوەی لای ئێمە گرنگە ئەو داهاتەیە کە بەشێوەیەکی یاسایی و فەرمی کۆدەکرێتەوە، ئەگەر تەواوی داهاتاکە ئەوەی بە فەرمی کۆدەکرێتەوە وەکو خۆی بچێتە خەزێنەی حکومەت و بەشێوەیەکی شەفاف و دادپەروەرانە بەڕێوەببردرێت کافییە بۆ ئەوەی کۆتایی بە قەیرانی دارایی لە سلێمانی بێت.