"حه‌بی مه‌نع"ـی پیاوان دروست ده‌كرێت و تاقیكردنه‌وه‌كانیش سه‌ركه‌وتوو بوونه‌

دەکرێت دەرمانەکە لە ناوەڕاستی ئەم ساڵدا لەسەر مرۆڤ بەکاربهێندرێت  
"حه‌بی مه‌نع"ـی پیاوان
"حه‌بی مه‌نع"ـی پیاوان

K24 - هەولێر:

حەبی مەنعی تایبەت بە پیاوان دروست دەکرێت کە رێگە لە دووگیانبوونی هاوژینی پیاوەکان دەگرێت لەکاتی سەرجێییدا و تاقیکردنەوە سەرەتاییەکانیش هیچ کاریگەریەکی لاوەکی زیانبەخشی بەدی نەکردوە. 

بە گوێرەی هەواڵێکی وێبسایتی "ڤایس"، توێژەرانی زانکۆی مینیسۆتا، سەرقاڵی دروستکردنی دەرمانێکن تایبەت بە پیاوان کە دەکرێت هاوشێوەی حەبی دژە سکڕی ژنان کار بکات.

وێبسایتەکە ئاماژەی بەوەشداوە، لەکاتی تاقیکردنەوەی دەرمانەکە لەسەر مشکی تاقیگە، لە 99% کاریگەر بووە بۆ رێگریکردن لە دووگیانبوون، هەروەها هیچ کاریگەریەکی لاوەکی نەبووە وەک زیادکردنی کێش یان هەر گرفتێکی تەندروستی دیکە کە بەهۆی ئەو دەرمانەوە ئەگەری دروستبوونی هەبێت.

د. گوندا جۆرج، پسپۆڕی زانستی کیمیا لە خوێندنگەی "Minneapolis" بە وێبسایتی "ڤایس"ـی راگەیاند، ئەو دەرمانە دەکرێت لە ناوەڕاستی ئەم ساڵدا لەسەر مرۆڤ تاقی بکرێتەوە.

ئەو دکتۆرە گوتیشی: "بە دڵنیایەوە دەبێت زۆر وریای شیکارییەکان بین، چونکە هێشتا لەسەر مرۆڤ تاقینەکراوەتەوە، بەڵام ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی پێشوو کە لەسەر مشک کرابوون، کاریگەری زۆر باشی دەرمانەکەیان دەرخستووە، لە کاتێکدا کە مشکەکان بە تەندروستی و چالاکی ماونەتەوە، ئەمەش هەواڵێكی ئومێد بەخشە."

براندی دەرمانی " YourChoice" کە بەرهەمهێنی دەرمانەکەن، رایانگەیاند، "ئامانجمان ئەوەیە لەکاتی تاقیکردنەوەکانی داهاتوو، رەزامەندی FDA دەزگای تەندروستی فیدراڵی ئەمەریکی بەدەستبهێنین.