ڤیدیۆ.. کەوتنەوەی ئاگر لە کارگەیەکدا گیانلەدەستدانی سێ کەسی لێکەوتەوە

پارێزگای ئیستانبوڵ: بەهۆی ئاگرەکەوە نۆ کرێکارمان بە سووکی برینداربوون
کەوتنەوەی ئاگر لە کارگەیەکی بۆیەدا لە ناوچەی توزڵا، وێنە: AA
کەوتنەوەی ئاگر لە کارگەیەکی بۆیەدا لە ناوچەی توزڵا، وێنە: AA

K24 - هەولێر:

پارێزگای ئیستانبوڵ رایگەیاند، نۆ کرێکارمان کە بەهۆی ئاگرەکەوە بە سووکی برینداربوون لەلایەن تیمی تەندروستییەوە چارەسەریان بۆ کراوە، بەڵام بەداخەوە سێ کرێکارمان گیانیان لەدەستداوە.

لە ئاکامی کەوتنەوەی ئاگر لە کارگەیەکی بۆیاخدا لە ناوچەی توزڵا لە ئیستانبوڵ، سێ کرێکار گیانیان لەدەستدا و نۆی دیکەش برینداربوون.

بە هۆکارێک کە هێشتا دیار نییە، لە شەقامی ئاتایۆڵو لە ناوچەی ئۆرهانڵی ئۆرتامەهالە، ئاگر لە کارگەیەکی بۆیاخ کەوتەوە.

دوا بە دوای رووداوەکە و گەیشتنی هەواڵ پێیان، تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و تەندروستیی رەوانەی ناوچەکە کران.

بەهۆی بڵێسە سەندنی ئاگرەکە و روودانی تەقینەوە لە کارگەکەدا، شوێنکارەکانی دەوری کارگەکە زیانیان بەرکەوت.

دوای هەوڵ و ماندووبوونێکی زۆر تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە توانیان ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن.

لەمیانی کوژاندنەوەی ئاگرەکەدا کارمەندێکی تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە بریندار بوو و بۆ چارەسەر گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانە.

پارێزگای ئیستانبوڵ، لە راگەیەندراوێکدا باسی لەوە کرد بەهۆکارێک کە هێشتا دیار نییە ئاگر لە کارگەیەک کەوتووەتەوە کە ماددەی کیمیایی بەرهەمهێناوە.

لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوەش کراوە کە تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە، تەندروستیی، ئاسایش و ئافاد رەوانەی شوێنی رووداوەکە کراون و، هاتووە؛ ''ئاگرەکە کۆنترۆڵ کراوە. کارەکانی ساردکردنەوەی درێژەی هەیە. نۆ کرێکارمان کە بەهۆی ئاگرەکەوە بە سووکی برینداربوون لەلایەن تیمی تەندروستییەوە چارەسەریان بۆ کراوە، بە داخەوە سێ کرێکاریشمان گیانیان لەدەستداوە''.

AA