نەتەوەیەکگرتووەکان: لە 3 مانگی رابردوودا 478 کەس لە دەریادا خنکاون و بێ سەروشوێن بوون

"ته‌نیا له‌ماوه‌ی یه‌ك ساڵدا زیاتر له 3 هەزار کۆچبەری نایاسایی لە هەوڵی پەڕینەوە بۆ ئەورووپا خنکاون"
له‌ رۆژێكدا 5 كه‌س له‌ ئاوی رووباره‌كاندا خنكان
له‌ رۆژێكدا 5 كه‌س له‌ ئاوی رووباره‌كاندا خنكان

K24 - هه‌ولێر:

نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند، ساڵی رابردوو زیاتر لە 3 هەزار کۆچبەری نایاسایی کە لە هەوڵی پەڕینەوەدابوون بۆ ئەورووپا لە دەریای ناوەڕاست و زەریای ئەتڵەسیدا خنکاون.

شابیا مانتۆ، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەران (UNHCR)، له‌ کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا له بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان له جنێڤ داوای له‌ رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی کرد پەلە بکەن لە پێشگرتن لە مردنی ئەو پەنابەر و کۆچبەرانەی رێگەی ئاوی وشکانیی زۆر مەترسیدار دەگرنەبەر و بەرگرییان لێ بکەن.

مانتۆ ئاشکرای کرد، ساڵی رابردوو زیاتر لە 3 هەزار کۆچبەری نایاسایی لە بەشی ناوەڕاست و خۆرئاوای دەریای ناوەڕاست و زەریای ئەتڵەسیدا خنکاون و بێ سەروشوێن بوون.

گوتیشی: ساڵی رابردوو هەزار و 924 کۆچبەری نایاسایی لە دەریای ناوەڕاست و هەزار و 153ی دیکە کە لە باکووری خۆرئاوای ئەفریقاوە بۆ دوورگەکانی کەناری لەهەوڵی پەڕینەوەدابوون، خنکاون و بێ سەروشوێن بوون.

گوتەبێژەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان روونیكرده‌وه‌، ساڵی 2020 ژمارەی ئەو پەنابەر و کۆچبەرانەی لە دوو دەریاکەدا خنکاون و بێ سەروشوێن بوون هەزار و 544 کەس بووه‌. بەداخەوە لە 3 مانگی رابردووی ئەمساڵیشدا 478 کەس لە دەریادا خنکاون و بێ سەروشوێن بوون.

روونیشكرده‌وه‌، زۆربەی رووداوەکانی خنکانی کۆچبەران لە دەریاکاندا بەهۆی زۆر هەڵگرتنی سەرنشینان و بەکارهێنانی بەلەمی کۆن و نەگونجاوەوە روویانداوە. هەروەها بەشێکی زۆری بەلەمەکان بەهۆی نالەباری کەشوهەواوە نوقمی دەریا بوون.

مانتۆ بانگەوازی کۆکردنەوەی هاوکاری دارایی بە بڕی 164.5 ملیۆن دۆلاری کرد بۆ بەرگریکردن لە پەنابەران و کۆچبەرانی نایاسیی و پێشگرتن لەو قاچاخچییانەی بازرگانی و یاری بە ژیانی کۆچبەرانەوە دەکەن.

جێگەی باسە وڵاتانی لیبیا، تونس و مەغریب کە دەکەونە باکووری کیشوەری ئەفریقا لە سەرووی ئەو وەڵاتانەوە دێن، کە کۆچبەران بێ گوێدانە مەترسییەکان، بەشێوەیەکی نایاسایی لێیەوە دەپەڕنەوە ئەوروپا.