روونكردنەوەیەك لە بارەی پەیوەندیی سەرۆك بارزانی و موقتەدا سەدر

"ئەوانەی ئەم جۆرە دەنگۆیانە بڵاودەكەنەوە ئامانجیان داپۆشینی شكست و دواكەوتنیانە لە پڕۆسەی سیاسی"
بارەگای بارزانی
بارەگای بارزانی

K24 - هەولێر:

دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵێک لە چەند میدیایەکی کوردستانی و عێراقی کە تێیدا باس لەوە دەکرا موقته‌دا سەدر وەڵامی پەیوەندیەکانی سەرۆک مەسعود بارزانی ناداتەوە، بارەگای بارزانی روونکردنەوەیەکی لەسەر ئەو بابەتە بڵاوکردەوە.

بارەگای بارزانی لە روونکردنەوەکەیدا ئەو هەواڵەیان بەدرۆخستەوە و رایانگەیاند، لە نێوان سەرۆك بارزانی و سەید موقتەدا سەدر ئەو پەڕی رێزگرتن و متمانە و پەیوەندیی زۆر باش هەیە. 

دەقی ڕوونکردنەوەکەی بارەگای بارزانی:

لە ژمارەیەك میدیای عێراقی و كوردستانی هەواڵێكی ناڕاست بڵاو كراوەتەوە كە گوایە سەید موقتەدا سەدر وەڵامی پەیوەندییەكانی جەنابی سەرۆك بارزانی ناداتەوە.  

لێرەدا بۆ ڕای گشتیی عێراق و كوردستان ڕوونی دەكەینەوە كە ئەو بابەتە هیچ بنەمایەكی نیە و دوورە لە ڕاستی. لە نێوان سەرۆك بارزانی و سەید موقتەدا سەدر ئەو پەڕی ڕێزگرتن و متمانە و پەیوەندیی زۆر باش هەیە. ئەوانەشی ئەم جۆرە دەنگۆیانە بڵاو دەكەنەوە ئامانجیان داپۆشینی شكست و دواكەوتنیانە لە پڕۆسەی سیاسی.

 ئەگەر لە ماوەی ڕابردوودا ئاماژەیەكیش بۆ كەمبوونی جموجۆڵی سیاسی هەبووبێت ئەوە لەبەر ڕەچاوكردنی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان بووە.

بارەگای بارزانی

29ـی نیسانی 2022