ئێران و سعوودیە لەسەر نەخشەڕێگهیەك رێککەوتن
K24 - ههولێر:
ئیرەج مەسجیدی، باڵیۆزی ئێران لە بەغدا رایگەیاند، بەرپرسانی ئێران و سعودیە لەسەر نەخشەڕێگهیەك گەیشتنە رێککەوتن بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوانیان.
مەسجیدی بۆ ئاژانسی فەرمیی ئێران (IRNA) ئەنجامی دانووستانەکانی نێوان ریاز و تارانی هەڵسەنگاند، کە لە بەغدای پایتەختی عێراق بەڕێوەدەچن و بەردەوامییان هەیە.
ئاماژهی بهوهش كرد، ئەنجامی دانووستانەکان ئەرێنی بوون و گوتی: "لە خولی پێنجەمی دانووستانەکاندا کە رۆژی پێنجشەممەی رابردوو لە نێوان شاندەکان بەڕێوەچوو، هەردوولا لەسەر نەخشەڕێگهیەك گەیشتە رێککەوتن".
باڵیۆزی ئێران لە بەغدا سەرنجی خستەسەر ئەوەی رێککەوتنی هەردوولا لەسەر دانانی نەخشەڕێگهیەکی لەو جۆرە گرینگی خۆی هەیە و لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی ئایا هەردوولا هاوڕا بوون لەوەی باڵیۆزخانەکانیان بە رووی یەکدا بکەنەوە یان نا، گوتی: "خولەکانی داهاتووی دانووستانەکانمان بابەتی سەرلەنوێ کردنەوە یان نەکردنەوەی باڵیۆزخانەکانمان بەڕووی یەکدا، دیار دەخات".