ئەمەریکا مامەڵەی ئاسایی لەگەڵ پوتن رەت دەکاتەوە

"جۆو بایدن بە ئاشکرا دژایەتی خۆی بۆ ئامادەبوونی پوتن لە G20 دەربڕی"
ئاڵای رووسیا و ئەمەریکا
ئاڵای رووسیا و ئەمەریکا

K24 - هەولێر:

دوای ئەوەی ئیندەنوسیا سەرۆکی رووسیا و هاوتا ئۆکرانییەکەی بۆ کۆبوونەوەی G20 بانگهێشت کرد، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا رایگەیاند، ناتوانن بەشێوەیەکی ئاسایی مامەڵە لەگەڵ پوتن بکەن.

جێن پسکای، سکرتێری ڕۆژنامەوانی کۆشکی سپی بە میدیاکانی راگەیاند، "سەرۆک جۆو بایدن بە ئاشکرا دژایەتی خۆی بۆ ئامادەبوونی پوتن لە 20G دەربڕی، ئێمە پێشوازییمان لە ئۆکرانیەکان کردووە."

ناوبراو گوتیشی: "ئێمە بۆچوونی خۆمان گەیاندووە لەبارەی ئامادەبوونی ئەوان (حکومەتی رووسیا)، پێمان باش نییە بە نهێنی و بە ئاشکرا بەشێک بن لەو کۆبوونەوەیە."

ئاماژەی بەوەشدا، ئەوان لە پەیوەندیدان لەگەڵ حکومەتی ئیندەنوسیا و ئاگادارن کە بانگهێشتنامەکە پێش دەستپێکردنی جەنگەکە نێردراوە.

لەلایەکی دیکەوە، جالینا پۆرتەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند، ویلایەتە یەکگرتووەکان لەو بڕوایەدا نییە مامەڵەی ئاسایی لەگەڵ رووسیادا بکات لەسەر ئاستی نێودەڵەوتی.

سەرەڕای ئەم لێدوانانە، جالینا پۆرتەر لەبارەی ئامادەبوونی ئەمەریکا لە کۆبوونەوەی لووتکەی G20، هیچ زانیاریەکی ئاشکرا نەکرد.