عێراق دەبێتە خاوەنی سیستمی بەرگری ئاسمانی

مەعن سەعدی: ئەو سیستمە توانا بەرگرییە ئاسمانییەکانی عێراق بەهێز دەکات
سیستمی بەرگری ئاسمانی
سیستمی بەرگری ئاسمانی

K24 - هەولێر

فەرماندەی هێزی ئاسمانی عێراق ئاشکرای دەکات، چەند مانگێکی دیکە عێراق دەبێتە خاوەنی سیستمی بەرگری ئاسمانی.

مەعن سەعدی، فەرماندەی هێزی ئاسمانی عێراق رایگەیاند، بۆ پەرەپێدان بە سیستمی بەرگری ئاسمانی هاوشێوەی وڵاتانی پێشکەوتوو، لە چەند مانگی داهاتوودا سیستمی راداری ئاسمانی دەگاتە دەستی هێزەکانی عێراق.

سەعدی، بێ ئەوەی هیچ وردەکارییەک دەرباری جۆری سیستەم و قەبارەی گرێبەستەکان بدرکێنێت، بە ئاژانسی هەواڵی فەرمی عێراقی رایگەیاندووە "ئەو سیستمە توانا بەرگرییە ئاسمانییەکانی عێراق بەهێز دەکات، جیا لەمەش چەند گرێبەستێکی دیکەش هەن، کە پێشتر کراون بۆ کڕینی سیستمی دیکەی بەرگری ئاسمانی".